تورکیا هۆشداری دا بە ئەمەریکا لەوەی هەر هەنگاوێک بنێت بە ئاڕاستەی هەڵگرتنی قەدەغەی سەر ناردنی چەک بۆ قوبرسی یۆنانی دەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و واشنتن.
کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە دەنگی دا بۆ لابردنی قەدەغەی سەر ناردنی چەک بۆ کۆماری قوبرس کە لە ساڵی 1987 وە لەلایەن واشنتنەوە بەسەری سەپـێندراوە وەک فشارێک بۆ ڕازیبوونی بە چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی دورگەی قوبرس.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا شەوی سێشەممە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی ئەم بڕیارەی کۆنگرێس هیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لە دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەی دورگەکە و زیادکردنی گرژیـیەکان.
دورگەی قوبرس لە ساڵی 1974 وە دابەشکراوە، پاش ئەوەی تورکیا هێرشی لەشکری کردە سەر دورگەکە کاتێک یۆنانیـیەکانی قوبرس هەوڵیان دا دورگەکە بخەنە سەر یۆنان. لە ئێستادا دوو کۆمار لەسەر ئەو دورگەیە هەیە، کۆماری قوبرس، لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیەوە دانی پـیادانراوە و کۆماری باکوری قوبرس تەنیا لەلایەن تورکیاوە وەک وڵاتێک لێی دەڕوانرێت.