Accessibility links

تورکیا هۆشداری بە ئەمەریکا دەدات تاوەکو سزای بەسەردا نەسەپـێنێت


وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری دا بە کۆنگرێسی ئەمەریکا و دەڵێت ئەگەر بێت و سزای بەسەر وڵاتەکەی بسەپـێنن، ئەوا ئەنکەرە کاردانەوەی دەبێت.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (A Haber) گوتی لە ناو کۆنگرێسی ئەمەریکا تێڕوانینێکی نەرێنی بەرامبەر تورکیا هەیە و هیچ پەیوەندی بە مەسەلەی سیستەمی موشەکی S-400 ی ڕووسیایی و فڕۆکەی F35 نیـیە.

گوتیشی دەبێت ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا بزانن بەم کارانەیان بە هیچ ئەنجامێک ناگەن.

پاشان پـرسیاری لێکرا، ئەگەر هاتوو کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕیاری دا سزا بەسەر تورکیا بسەپـێنێت، ئایە شیانی هەیە ئەنکەرە بەکارهێنانی بنکەی ئنجەرلیک بهێنێتە بەرباس؟. چاوش‌ئۆغڵو لە وەڵامدا گوتی"بەڵێ دەکرێت ئینجەرلیک و گوێرجیک و هەموو شتێکی دیکە بهێنرێنە بەرباس."

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا ئەم دوو بنکە لەشکریـیەی تورکیا لە چوارچێوەی ناتۆ بۆ ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی لە ناوچەکە بەکاردەهێنێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا جارێکی دیکە لەسەر یەپەگە ڕەخنەی لە واشنتن گرت و گوتی هێشتا ئەمەریکا لە هاوکاریکردنی لەگەڵ یەپەگە بەردەوامە وە ئەو یارمەتیـیانەی پـێشکەشیانی دەکات دەچنە خانەی کۆمەککردنی تێرۆرەوە.

واشنتن ڕەتیدەکاتەوە یەپەگە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆرستی ناودێربکات.

XS
SM
MD
LG