Accessibility links

کاربەدەستانی تورکیا: ڕەنگە ئەرۆدغان پـلانی سەردانەکەی بۆ واشنتن هەڵبوەشێنێتەوە


سێ کاربەدەستی تورک دەڵێن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی وڵاتەکەیان ڕەنگە پـلانی سەردانەکەی بۆ واشنتن هەڵبوەشێنێتەوە، وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەربڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە جینۆساید ناساندنی کوشتنی ئەرمەنەکان.

بەپـێی بەرنامەی سەردانەکە دەبێت ئەردۆغان لە 13 ی ئەم مانگی یازدەیە سەردانی واشنتن بکات لەسەر دەعوەتنامەی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت کاربەدەستێکی گەورەی تورکیا گوتویەتی ئەم جۆرە جموجۆڵانەی نێو کۆنگرێسی ئەمەریکا کاریگەری زۆر خراپیان بەسەر پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات هەیە، وە بەهۆیانەوە سەردانەکەی ئەردۆغان ڕاگیراوە، بەڵام گوتیشی هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.

سەرچاوە تورکیـیەکان دەڵێن پەیوەندی نێوان ترامپ و ئەردۆغان زۆر پتەوە سەرەڕای توڕەیی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە بەرامبەر لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا بۆ سەر سوریا و هەروەها کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی جۆی S-400 ی ڕووسیایی.

کاربەدەستێکی دیکەی تورکیا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتیـیەوە نزیکە ئەویش ناڕەزایی بەرامبەر بە بڕیاری بەجینۆسیاید ناساندنی کوشتنی ئەرمەنەکان دەربڕی وە بە ڕۆیتەرزی گوت کەسانێک لە واشنتن ئەو دۆخەی ئەمڕۆیان قۆستووەتەوە بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە.

کاربەدەستێکی ئاسایشی تورکی ئاماژەی بۆ نامەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەردۆغان کرد کە تیایدا پێی گوتبوو "کەلە ڕەق و گەمژە مەبە" و هەروەها دەنگدانەکانی دژی تورکیا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و گوتی ئەگەر هەڵوێستەکان لە واشنتن نەگۆڕێن، ئەوا سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا هیچ مانایەکی نابێت.

XS
SM
MD
LG