Accessibility links

ئەردۆغان: بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا گەورەترین سووکایەتیـیە بە گەلی تورکیا


سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پەسەندی کردووە بۆ بە جینۆسایدناساندنی کوشتنی ئەرمەنەکان لە میانەی جەنگی جیهانی یەکەم، هیچ بەهایەکی نیـیە و گەورەترین سووکایەتیـیە بە گەلی تورکیا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێکیدا گوتیشی" لێرەوە بە ڕای گشتی ئەمەریکا و تەواوی جیهان دەڵێم ئەم هەنگاوەی نراوە هیچ بەهایەکی نیـیە و دانی پـیادا نانێین."

هاوکات دەیڤد ساتەرفێڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنکەرە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بانگهێشتکرا تاوەکو ناڕەزایی حکومەتی تورکیا بگەیەنن لە بەرامبەر ئەو دوو بڕیارەی دوێنێ سێشەممە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە لە دژی تورکیا پەسەندکران.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی گوت ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هەوڵ دەدات تۆڵەبکاتەوە لە بەرامبەر ئەو ڕێکەوتنانەی ئەنکەرە لەگەڵ واشنتن و مۆسکۆ مۆریکردوون سەبارەت بە هێزە کوردیـیەکانی سوریا.

فەخرەدین ئاڵتون بەڕێوەبەری پەیوەندیـیەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەویش لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی هەوڵی سەباندنی سزا بەسەر یەکێک لە هاوپەیمانانی ناتۆ لە پـێناو پاراستنی ڕێکخراوێکی تێرۆرستی تەنیا بە کورتبینی ستراتیژی دادەنرێت. پاشان ئەم هەوڵانەی کۆنگرێسی ئەمەریکای بەبێ شەرمانە ناودێرکرد و گوتی ئاکامی خراپی بەسەر پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.

XS
SM
MD
LG