Accessibility links

دادگایـیکردنی فەرمانبەرێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵ دەسـتیپـێکرد


دادگاییکردنی فەرمانبەرێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵ دەسـتیپـێکرد بە تۆمەتی سیخوڕی و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حکومەتی تورکیا.

مەتین تۆپـوز کە بە تۆمەتێک تاوانبارکراوە سزاکەی دەگاتە زیندانی هەتاهەتایی، ئەمڕۆ سێشەممە بە چاوی پـڕ لە فرمێسکەوە برایە دادگای چاغڵایانی ئستەنبوڵ.

دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن مەتین پەیوەندی هەبووە بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن، ئەوەی ئەنکەرە تاوانباری دەکات بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016.

ناوبراو ساڵی 2017 دەستگیرکرا کاتێک لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵ بەرپـرسبوو لە پەیوەندیـیەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و یەکەی نەهێشتنی قاچاغی ماددە هۆشبەرەکان لە پـۆلیسی تورکیا.

کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنکەرە و کونسوڵی ئەمەریکی لە ئستەنبوڵ ئامادەی دانیشتنی دادگایـیکردنەکە بوون. بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دانیشتنەکانی دادگا بۆ ئەم کەیسە درێژە بکێشن.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەڵێت ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی مەتین تۆپـوز کراون هیچ بنەمایەکیان نیـیە.

پارێزەرەکەی (هالیت ئاکالب) بە ڕۆژنامەوانانی گوت هەفتەی ڕابردوو دەسەڵاتداران ڕێگەیان پـێداوە دوو جار چاوی پـێی بکەوێت.

جێی ئاماژەیە جگە لە مەتین تۆپـوز، فەرمانبەرێکی دیکەی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵ بە هەمان تۆمەت تاوانبارکراوە و لە ئێستادا لە ماڵەکەی دەسـتبەسەرکراوە.

XS
SM
MD
LG