سەرۆکی تورکیا هەڕەشەکانی واشنتنی ڕەتکردەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 ی ئەمەریکایی بە تورکیا ئەگەربێت و سووربێت لەسەر کڕینی سیستەمی بەرگری S-400 لە ڕووسیا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان شەوی چوارشەممە لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 24 ی وڵاتەکەی گوتی لەم بارەیەوە لەگەڵ ڕووسەکان ڕێکەوتن و بە هیچ شێوەیەک لە کڕینی S-400 پاشگەز نابنەوە.
گوتیشی ڕەنگە تورکیا لە ئایندەدا بیر لەوە بکاتەوە سیستەمی بەرگری موشەکی S-500 ش لە ڕووسیا بکڕێت کە زۆر لەمەی ئێستا پـێشکەوتووترە.
باسی لەوەش کرد تورکیا یەکەم سیستەمی S-400 لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا لە ڕووسیا وەردەگرێت.
پـێشتر ڕۆبەرت پالەدینۆ جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی ئەگەربێت و تورکیا سووربێت لەسەر کڕینی سیستەمی S-400 ئەوا شیانی هەیە ئەمەریکا لە بەرنامەی فڕۆکەی F-35 بیکاتە دەرێ و سزاشی بەسەردا بسەپـێنێت.
هەورەها کورتیس سکاپارۆتی، فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە بە کۆنگرێسی ئەمەریکای گوت پـێویستە تورکیا لە کڕینی سیستەمی S-400 پاشگەزببێتەوە، ئەگەر نا ئەوا دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر فڕۆکەکانی F-35 ی ئەمەریکا.
پـێشتر ئەمەریکا قایلبووە 100 فڕۆکەی F-35 بە تورکیا بفرۆشێت، وە هەتا ئێستا تەنیا 2 فڕۆکەی لەم جۆرەی داوەتێ. ساڵی ڕابردوو کۆنگرێس بڕیاری دا پـێدانی فڕۆکەی دیکەی F-35 بە تورکیا دوابخرێت.