Accessibility links

تورکیا گومرگی سەر کۆمەڵێک بەرهەمی ئەمەریکایی زیادەکات و قەشەکە ئازاد ناکات


تورکیا گومرگی سەر کۆمەڵێک بەرهەمی ئەمەریکا زیادکرد، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی گرژیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و واشنتن لەسەر کەیسی قەشە ئەندرۆ برەنسنی ئەمەریکایی کەوا بۆ نزیکەی 2 ساڵە لە تورکیا دەستگیرکراوە.

ڕوهسار بەکجان وەزیری بازرگانی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەک لە ئەنکەرە گوتی وڵاتەکەی گومرگی سەر 22 بەرهەمی ئەمەریکایی دوو هێندە لێکردووە، بەمەش تورکیا 533 ملیۆن دۆلاری زیاتر دەستکەوتی دەبێت.

گوتیشی ئەمە کاردانەوەیە لە بەرامبەر ئەو سزایانەی ئەمەریکا بەسەر وڵاتەکەی سەپاندوونی. ئاماژەی بەوەش کرد ئەمەریکا هاوبەشێکی بازرگانی گرنگی تورکیایە، بەڵام تاکە هاوبەشیش نیـیە.

بەپـێی وەزارەتی بارزگانی تورکیا گومرگ لەسەر ئۆتۆمبیل و خواردنەوە کحولیـیەکان و جگەرە و برنج و کەرەستەکانی جوانکاری ئەمەریکایی زیادەکرێن.

ئەم بڕیارە تورکیا و چەند هۆکارێکی دیکە وەهایان کرد بڕێک بەهای لیرەی تورکی لە بازاڕەکاندا بەرزببێتەوە و 100 دۆلار 600 لیرە بکات.

هاوکات دادگای ئزمیر داوای پارێزەری قەشە ئەندرۆ برەنسنی ڕەتکردەوە کە داوای پـیاداچوونەوەی بە بڕیاری دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ کردبوو. بەڵام پارێزەرەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە دادگایەکی دیکەش بە سکاڵاکەیدا دەچێتەوە.

XS
SM
MD
LG