Accessibility links

ئەردۆغان: تورکیا بایکۆتی ئامێرە ئەلیکترۆنیـیەکانی ئەمەریکا دەکات


سەرۆکی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی بایکۆتی ئامێرە ئەلیکترۆنیـیەکانی ئەمەریکا دەکات، لەوانە تەلەفۆنی مۆبایلی ئایفۆن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکیدا لە ئەنکەرە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی"ئەگەر ئەوان ئایفۆنیان هەبێت، ئەوا لەولاوە سامسۆنگ هەیە و ئێمەش ڤینۆس و ڤیستێلمان هەیە."

گوتیشی تورکیا ڕووبەڕووی هێرشێکی ئابوری و پلانێکی گەورە و زۆر قوڵ بووەتەوە. گوتی"ئەوان هیچ دوودڵ نین لە بەکارهێنانی ئابوری وەک چەک." پاشان ڕووی دەمی کردە ئەمەریکا و گوتی"دەتانەوێت چی بکەن و بە چی بگەن؟"

هاوکات هێڵی ئاسمانی تورکیا بڕیاری داوە بەشداری لەو هەڵمەتەی وڵاتەکەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بکات بۆ ڕاگرتنی ڕیکڵام بۆ کۆمپانیا و کاڵا ئەمەریکایـیەکان.

یەحیا ئەستۆن گوتەبێژی هێڵی ئاسمانی تورکیا لەسەر تویتەر نووسیویەتی" ئێمە وەکو هێڵی ئاسمانی تورکیا لە پاڵ و دەوڵەت و گەلەکەمان دەبین. ڕێنمایی پـێویستمان بە وەکیلەکانمان داوە."

لە لایەکی دیکە پارێزەری قەشە ئەندرۆ برەنسن داوای پـیاداچوونەوەی کردووە بە بڕیاری دادگای ئزمیر، ئەوەی تیایدا فەرمانی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ لە ماڵەکەی کراوە.

ئیسماعیل جیم هالافورت پارێزەری قەشە ئەندرۆ بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند دەبێت دادگا لە ماوەی سێ ڕۆژ بڕیاری خۆی بدات.

XS
SM
MD
LG