Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بۆ جاری سێـیەم ڕەتیدەکاتەوە قەشە ئەمەریکایـیەکە ئازادبکرێت


دادگایەکی تورکیا بۆ جاری سێـیەم بڕیاری دا ئەو قەشە ئەمەریکایـیەی لە ساڵی 2016 وە لە وڵاتەکەیان بە تۆمەتی سیخوڕی و لایەنگری فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان دەسـتگیرکراوە، لە زینداندا بهێڵڕێتەوە.

دادگای دووەمی تاوانەکانی ئەزمیر ئەمڕۆ چوارشەممە لە دانیشتنێکدا داوای پارێزەری قەشە ئەندرۆ برەنسنی ڕەتکردەوە و بڕیاری دا ناوبراو لەسەر تۆمەتەکانی ئاڕاستەی کراون لە زیندان بیهێڵرێتەوە.

هاوسەری قەشە ئەندرۆ و فلیپ کۆسنێت بریکاری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنکەرە و ژمارەیەک لە ئەندامی دەستەی ئازادیـیە ئاینیـیەکانی ئەمەریکا ئامادەی دانیشتنەکە بوون.

فلیپ کۆسنێت بریکاری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنکەرە
فلیپ کۆسنێت بریکاری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنکەرە

فلیپ کۆسنێت لە بارەی بڕیارەکانی دادگا لێدوانی بۆ میدیاکان دا و مەخابنی خۆی دەربڕی و گوتی" دەقی سکاڵاکانم خوێندووەتەوە و هەرسێ دانیشتنی دادگاکە ئامادەبووم، هیچ شتێکم نەدی ئاماژەبکات بەوەی قەشە ئەندرۆ برەنسن کارێکی تاوانکاری یان تێرۆرستی کردبێت."

جەم هەڵەورد پارێزەری قەشە ئەندرۆ ئەویش گوتی" ئەم کەیسە بۆ دادوەری جێی شەرمەزاریـیە. دەڵێت کەیسەکە تەنیا لەسەر گەواهی دروستکراوە و هیچ بەڵگەیەک نیـیە."

ئەمە سێـیەم دانیشتنی دادگایە کە تیایدا ڕەتیدەکرێتەوە ئازادبکرێت. دانیشتنی پـێشتر لە 16 ی مانگی چوار و دانیشتنی یەکەم لە 7 ی مانگی پـێنج بەڕێوەچوون. ئەمڕۆش دادوەر بڕیاری دا دانیشتنی داهاتوو لە 12 ی مانگی دە بەڕێوەبچێت.

دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن ئەم قەشە ئەمەریکایـیە پشتیوانی لە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن وپارتی کرێکارانی کوردستان کردووە و هانی کوردی بۆ جوداخوازی داوە و چووە بە تایبەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر ناوچە کوردیـیەکان کردووە و لە شاری ئزمیر کڵێسایەکی دامەزراندووە تەنیا بۆ کوردەکان.

هەروەها دەڵێن لە چوارچێوەی پشتیوانیـیەکەی بۆ پەکەکە چەندان جار بۆ کۆبانی چووە، وە وێنەی پـێگیراوە کە لەگەڵ کەسانێک لە کۆبوونەوەدا بووە ئاڵای پەکەکەیان لە پشتەوە بووە.

جگە لەوانە لە مۆبایلەکەی نامەیەکی پـێگیراوە کە بۆ بەرپـرسێکی لەشکری ئەمەریکایی ناردبوو و تیایدا مەخابنی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر شکستهێنانی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ی تورکیا.

بەڵام قەشە ئەندرۆ برەنسن بە توندی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت جگە لە چاکە بۆ تورکیا هیچ زیانێکی بۆ ئەو وڵاتە نەبووە.

XS
SM
MD
LG