Accessibility links

سەرۆک وەزیری تورکیا ڕەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت لەسەر قەدەغەکردنی فرۆشتی فڕۆکەی F-35 بە وڵاتەکەی


سەرۆک وەزیری تورکیا ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت لە بەرامبەر بڕیاری ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بۆ دەرکردنی تورکیا لە بەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەی پـێشکەوتووی جۆری F-35 و هەروەها ڕێگەنەدان بە فرۆشتنی ئەم فڕۆکەیە بە تورکیا.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی تورکیا بنیالی یڵدرم ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی لێدوانی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند گوتی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا جێی داخە و پـێچەوانەی گیانی هاوپەیمانێتی ستراتیجیـیە کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

گوتیشی ئەنکەرە ئەڵتەرناتیڤی گونجاوی هەیە و ڕێوشوێنی پـێویست دەگرێتەبەر بۆ بەهێزکردنی کەرتی پـیشەسازی بەرگری تورکیا.

هەفتەی ڕابردووش مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی ئەگەربێت و ئەمەریکا ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە تورکیا نەفرۆشێت، ئەوا کەس ناتوانێت بە تورکیا بڵێت نابێت لە وڵاتێکی دیکە فڕۆکە بکڕیت.

جێی ئاماژەیە دوێنێ دووشەممە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بە دەنگی 85 بەرامبەر 10 پـرۆژە یاسایەکی سیاسەتی بەرگری پەسەندکرد و تیایدا ڕەخنە لە تورکیا گرت لە بەرامبەر کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی جۆری S-400 لە ڕووسیا و هەروەها دەسـتگیرکردنی قەشەیەکی ئەمەریکایی بە تۆمەتی پشـتیوانی لە تێرۆرزم.

ئانادۆڵو نووسیویەتی بەپـێی ئەم پـرۆژە یاسایە بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا ناتوانێت ئەم چەکانە بە تورکیا بفرۆشێت: فڕۆکەی F-35 ، فڕۆکەی F-16 ، سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری پاتریۆت، هەلیکۆپتەری CH-47 Chinook ، هەلیکۆپتەری کۆپرا AH-1 ، هەلیکۆپتەری بلاک هۆک H-60.

هەروەها دەڵێت لە پـرۆژە یاساکە داوا لە جەیمس ماتس وەزیری بەرگری دەکرێت بە ڕاوێژکردن لەگەڵ مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوە ڕاپـۆرتێک لە بارەی پەیوەندیـیەکانی ئەمەریکا و تورکیا ئامادەبکات لە ماوەی 60 ڕۆژ لە پەسەندکردنی پـرۆژە یاساکە و دەقی ئەو ڕاپـۆرتە بدرێت بە کۆمیتەکانی کۆنگرێس.

XS
SM
MD
LG