Accessibility links

دادگاییکردنی قەشە ئەمەریکایـیەکە لە تورکیا دەسـتیپـێکردەوە


دادگایـیکردنی قەشە ئەمەریکایـیەکە لە تورکیا دەسـتیپـێکردەوە و هێشتا هیچ هیوایەک بۆ ئازادکردنی نیـیە، ئەمەش جێگەی ناڕەزایی کاربەدەستانە لە واشنتن.

قەشە ئەندرۆ برەنسن ئەمڕۆ دووشەممە برایەوە بەردەم دادوەری دادگای نێو بەندیخانەی عەلی ئەغا لە پارێزگای ئەزمیر و جارێکی دیکە جەختی کردەوە ئەو هیچ لەو تاوانانەی ئەنجام نەداوە کە ئاڕاستەی کراون.

ناوبراو تۆمەتبارکراوە بەوەی چالاکی ئەنجامداوە بۆ پشتیوانیکردن لە گروپی فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان و هەروەها دەڵێن سیخوڕی کردووە بە ئامانجی سیاسی و لەشکری.

لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ دادگا گەواهی کەسێکی وەرگرت بە ناوی سەرهات کە خۆی وەک کرستیانێک ناساند و گوتی بەردەوام چووە بۆ کڵێساکەی قەشە ئەندرۆ و بینیویەتی چۆن کڵێساکەی شوێنێک بووە بۆ پـڕۆپاگەندە بۆ دروشمەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

گەواهیدەرەکە کە لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لە شوێنێکی دیکە قسەی بۆ دادگا دەکرد، ڕوخساری شاردرابووەوە.

هەریەک لە فیلیپ کۆسنێت بریکاری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنکەرە و ساندرا جولی جێگری کۆمسیاری ئەمەریکا بۆ ئازادی ئاینی نێودەوڵەتی ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بوون.

ئەگەربێت و دادگا ئەو تاوانانەی بەسەردا ساغ بکاتەوە، ئەوا شیانی هەیە 35 ساڵ سزای زیندانی بدرێت.

جێی ئاماژەیە قەشە ئەندرۆ لە مانگی دەی ساڵی 2016 دەسـتگیرکرا، واتە سێ مانگ لە پاش هەوڵی کودەتاکە.

پـێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گوتویەتی ئەگەربێت و واشنتن فەتحوڵڵا گولەنیان ڕادەستبکات ئەوا ڕەنگە وڵاتەکەی قەشە ئەندرۆ ئازادبکات. بەڵام ئەمەریکا ئەو پـێشنیارە ڕەتدەکاتەوە.

سەرۆک ترامپ مانگی ڕابردووە لەسەر تویتەرەکەی لە بارەی دادگاییکردنی قەشە ئەندرۆ لە تورکیا نووسیویەتی پـیاوێکی بەڕێزە بەبێ هۆکار دادگایی دەکرێت. هەروەها نووسیویەتی" دەڵێن سیخوڕە، بەڵام من لەو زیاتر سیخوڕترم. هیوادارم ڕێگەی پـێبدەن بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی و خێزانەکەی."

XS
SM
MD
LG