وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانەکەی بۆ واشنتن دواخست، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆک ترامپ بڕیاری گۆڕینی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دا.
کاربەدەستان لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتیان مەولود چاوشئۆغڵو بڕیاری داوە سەردانەکەی بۆ واشنتن دوابخات کە بەرنامەی بۆ دانرابوو لە 19 ی ئەم مانگی سـێـیەدا ئەنجام بدرێت.
بەپـێی لێدوانی کاربەدەستەکان هێشتا هیچ کاتێکی نوێ بۆ سەردانەکە دەستنیشان نەکراوە.
جێی ئاماژەیە کۆمەڵێک پـرس هەن جێی ناکۆکی نێوان واشنتن و ئەنکەرەن، لەوانە پشتیوانیکردنی ئەمەریکا لە هێزە کوردیـیەکانی سوریا، ڕادەستنەکردنی فەتحوڵڵا گولەن، کەسایەتی ئاینی تورکی دانیشتووی ئەمەریکا کە ئەنکەرە بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 تاوانباری دەکات.