Accessibility links

تورکیا ناوی جادەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا گۆڕی بۆ چڵە زەیتون


تورکیا بە فەرمی ناوی جادەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە ئەنکەرە گۆڕی، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر بەردەوامبوونی پشتیوانی ئەمەریکا لە هێزە کوردیـیەکانی سوریا.

پـێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە کرێکارانی شارەوانی ئەنکەرە تابلۆ کۆنەکەی ناوی جادەکەیان لێکردەوە کە بە ناوی نەوزاد تاندۆغان بوو، ئەوەی فەرمانڕەوای ئەنکەرە بوو لە نێوان ساڵانی 1929 بۆ 1946، پاشان تابلۆ نوێـیەکەیان خستە شوێنی کە لە سەری نووسراوە "Zeytin Dalı" ، واتە "چڵە زەیتون" ئەو ناوەی لە ئۆپەراسیۆنی لەشکری سەر عەفرینیان ناوە.

هەفتەی ڕابردوو مستەفا تونا سەرۆکی شارەوانی ئەنکەرە لەسەر تویتەرەکەی نووسیبووی داوکاریـیەکیان بۆ ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەیان ئامادەکردووە بە مەبەستی گۆڕینی ناوی جادەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ "جادەی چڵە زەیتون."

ئەنکەرە زۆر نیگەرانە لە بەردەوامبوونی ئەمەریکا لە پشـتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەپەگە تیایدا هێزی سەرەکیـیە. ئەمەریکا دەڵێت پشـتیوانیـیەکەی ئەو بۆ هێزە کوردیـیەکان لە چوارچێوەی شەڕی داعشە.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم جار نیـیە تورکیا لەسەر ناکۆکی نێودەوڵەتی ناو جادەیەکی ئەنکەرە بگۆڕێت، پـێشتر ناوی جادەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئیماراتی عەرەبی گۆڕی بۆ فەخرەدین پاشا، ئەمەش پاش ئەوەی عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهەیان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەسەر تویتەرەکەی نووسینی کەسێکی دووبارە بڵاوکردەوە کە تیایدا ڕەخنەی لە پاشای عوسمانیـیەکان فەخرەدین پاشا گرتبوو.

XS
SM
MD
LG