Accessibility links

سەرۆکی تورکیا ئەمەریکا بە دروستکردنی کێشەی پـێنەدانی ڤیزای نێوانیان تۆمەتباردەکات


سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند کێشەی ڕاگرتنی پـێدانی ڤیزا لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمەریکا پـێشتر حکومەتەکەی لێی ئاگادارنەبووە و سەرەتا واشنتن دەسـتیپـێکردووە و دەڵێت چیتر لەگەڵ باڵیۆزی ئێستای ئەمەریکا بۆ وڵاتەکەی کۆنابێتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئەلێکزاندەر وچیچ سەرۆکی سڕبیا لە بلگراد ئەمەی ئاشکراکرد و گوتی "ئەمەریکایـیەکان خۆیان بە تەنیا ئەم بڕیارەیان داوە و کردیانە ئەمری واقع، ئەمەش وایکردووە پـرسیارێـکی گەورە لە لای ئێمە دروستبکات."

گوتیشی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەم بارەیەوە پەیوەندی بە کاربەدەستانی ئەمەریکا نەکردووە، چونکە بە گوتەی خۆی هیچ بوارێـک بۆ وتووێژکردن لەسەر پـرسەکە نەماوە.

بەڵام گوتی "ئەگەر (جۆن باس) باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا خۆی بڕیاری ڕاگرتنی پـێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی تورکیا دابێت، ئەوا دەبێت دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ئەو باڵیۆزە لە تورکیا بکشێننەوە و لێپـێچینەوەی لەگەڵدا بکەن کە چۆن جورئەتی ئەوە دەکات گرژی لە نێوان تورکیا و ئەمەریکا دروستبکات."گوتیشی ئەگەر باڵیۆزی تورکیا لە واشنتن کارێکی وەها بکات ئەوا لە زووترین کاتدا بانگهێشتی دەکەنەوە.

پاشان باسی لەو کارمەندە تورکەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵ کرد کە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەسـتگیرکراوە، گوتی ئەو کارمەندە هیچ پارێزبەندی دیپـلۆماسی نیـیە و تەنانەت ئەمەریکایش نیـیە.

دواتر گوتی جۆن باس چیتر بە باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا دانانێن و نە خۆی وەک سەرۆک کۆمار و نە وەزیرەکانی حکومەت ئامادە نابن چاویان پـێی‌بکەوێت، ئەمەش لە کاتێکدا جۆن باس لەم زووانە کارەکەی لە تورکیا تەواودەبێت و دەبێتە باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان.

بەپـێی پـرۆتۆکۆلی دیپـلۆماسی دەبێت جۆن باس بە فەرمی ماڵئاوایی لە کاربەدەسـتانی باڵای تورکیا بکات.

جێی ئاماژەیە لە پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی تورکیا کارمەندێکی تورکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئستەنبوڵیان دەسـتگیرکرد، هەموو کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا لە وڵاتە لە 8 ی مانگەوە پـێدانی ڤیزایان بۆ هاوڵاتیانی تورکیا ڕاگرت جگە لەوانەی کەیسی کۆچکردنەکانیان بۆ ئەمەریکا پەسەندکراوە.

XS
SM
MD
LG