Accessibility links

سەرۆکی تورکیا بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ دەسـتگیرکردنی پاسەوان و لایەنگرانی شەرمەزاردەکات


سەرۆکی تورکیا بڕیارێکی دادوەری ئەمەریکای شەرمەزارکرد کە دوێنێ پـێنجشەممە ڕاگەیەندرا بۆ دەسـتگیرکردنی 12 لە پاسەوان و لایەنگرانی، لەوانەی مانگی ڕابردوو لە بەردەم شوێنی حەوانەوەی باڵیۆزی تورکیا لە واشنتن پەلاماری خۆپـیشاندانیان دا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان شەوی پـێنجشەممە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنکەرە گوتی " ئەمە چ یاسا و مافێـکە؟ ئەگەر پاسەوانەکانم نەتوانن بمپارێزن، ئەی بۆچی لەگەڵ خۆم بۆ ئەمەریکام بردوون؟ ئایا مەعقولە خۆم بە هانز و جۆرجی ئەمەریکایی بپارێزم؟"

پاشان گوتی ئەندامانی پەکەکە و ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن یەکیان گرت و لە دوری 40 بۆ 50 مەتر لێوەی خۆپـیشاندانیان کردبوو و پـۆلیسی ئەمەریکا هیچ کاردانەوەی لە بەرامبەریان نەبووە.

بەیانی ئەمڕۆ هەینیش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا (جۆن باس) باڵیۆزی ئەمەریکای بانگهێشتکرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەکە.

وەزارەتەکە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی بڕیارەکەی ئەمەریکا هەڵەیە و لایەنگیری پـێوە دیارە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نیـیە.

لە لایەکی دیکە ڕیکس تێلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنێکدا کە لە لایەن گوتەبێژێکیـیەوە بڵاوکرایەوە گوتویەتی بڕیارەکە پەیامێکی ڕوونە کە ئەمەریکا ڕێگە نادات کەسانێـک ترس و تۆقاندن و توندوتیژی بەکاربهێنن بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و بۆچوونی سیاسی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوەش کرد کە لەگەڵ پـۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەردەوامن لەکارکردن لە کەیسەکە و بڕیار دەدەن ئایا پـێوستە ڕێوشوێنی دیکە بگرنەبەر یان نا.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 16 ی مانگی پـێنج لەو دەمەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی واشنتنی کرد بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک ترامپ، خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە دژی سازکرا و لە بەرامبەردا لایەنگر و پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا پەلاماری خۆپـیشاندەرانیان دا و چەند کەسێـکیان بریندارکرد.

XS
SM
MD
LG