Accessibility links

تورکیا باڵیۆزی ئەمەریکا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی دەکات بۆ دەربڕینی ناڕەزایی

  • VOA News

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ وڵاتەکەی بانگهێشتکرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەوەی گوایە لە میانەی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ واشنتن، ئەندامانی ئاسایشی ئەمەریکا ناپـرۆفشناڵانە مامەڵەیان لەگەڵ پاسەوانانی مەولود چاوش‌ئۆغۆڵو وەزیری دەرەوە کردبوو.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی (جۆن باس) باڵیۆزی ئەمەریکا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە و ناڕەزایـیەکەی تورکیایان ڕادەستکردووە سەبارەت بەوەی ئاسایشی ئەمەریکا بە شێوەیەک مامەڵەیان کردووە کە لەگەڵ یاسا و ڕێسا دیپـلۆماتیـیەکان ناگونجێن.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە تورکیا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا کردووە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ڕووداوەکە ئەنجام بدەن و ڕوونکردنەوەی پـێوست لەم بارەیەوە بە لایەنی تورکی بدەن.

جێی ئاماژەیە ئەم هەنگاوەی تورکیا پاش ئەوە دێت کە ڕیکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا شەوی یەکشەممە لە لێدوانێـکدا بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی فۆکس نیوزی ئەمەریکایی گوتی ناڕەزایی خۆیان بە باڵیۆزی تورکیا بۆ ئەمەریکا گەیاندووە سەبارەت بەو هێرشەی لە لایەن پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا کرایە سەر ژمارەیەک خۆپـیشاندەر لە واشنتنی پایتەخت.

گوتیشی ئەوەی پاسەوانانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردوویانە جێی قبوڵ نیـیە و لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە بەردەوامن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن بەر لەوەی کاردانەوەی فەرمیـیان هەبێت.

جۆن مەککەین سیناتۆری گەورەی کۆماری پـێشتر چەند جارێـک لە لێدوانەکانیدا داوای کردووە وەک کاردانەوەیەک باڵیۆزی تورکیا لە ئەمەریکا دەربکرێت.

XS
SM
MD
LG