Accessibility links

تورکیا ناڕەزایی دەردەبڕێت لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی بەیانـنامەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە لایەن ئەمەریکاوە

  • VOA News

کاربەدەسـتانی تورکیا ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی بەیانـنامەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە لایەن ناوەندی فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا لەسەر تویتەری فەرمی خۆی.

ئیبراهیم کالن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەم کارەی لەشکری ئەمەریکا، لەسەر تویتەری خۆی نووسیویەتی " ئەمە گاڵتەجاڕیـیە یان ناوەندی فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا مێشکی لەدەستداوە؟ بڕوادەکەن کەس هەبێت باوەڕی بەوە هەبێت؟ دەبێت ئەمەریکا وازبهێنێت لەوەی هەوڵ بدات شەرعیەت بە گروپـێکی تێرۆرستی بدات."

هەروەها سەردار کیلیج باڵیۆزی تورکیا بۆ ئەمەریکا ئەویش لەم بارەیەوە لەسەر تویتەری خۆی لەسەر ڕاپـۆرتێـکی واشنتن پـۆست نووسیویەتی " تویتەری ناوەندی فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا دەبێت لە لایەن پەکەکەوە هاککرابێت. پـێموایە ناوەندی فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا باشتر لە واشنتن پـۆست دەزانێت و هەوڵ مەدەن شەرعیەت بە پەکەکە بدەن."

جێی ئاماژەیە دوێنێ چوارشەممە ناوەندی فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا ئەم بەیانـنامەیەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیویەتی " هێزەکانی سوریای دیموکرات جەخت دەکاتەوە نە سەر بە پەکەکەیە و نە پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە هەیە."

لە بەیانـنامەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات نووسراوە، ئەوان وەکو کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوری کە هێزەکانی سوریای دیموکرات پـێـکدەهێنن، پـشتڕاستی دەکەنەوە بەشێـک نین لە پارتی کرێکارانی کوردسـتان کە وەک هەندێـک لە حکومەتەکانی ناوچەکە ئیدیعای دەکەن، بەڵکو خۆیان وەک بەشێـک لە سوریا دادەنێن. هەروەها نووسیویانە خوێن و قوربانیـیان داوە بۆ ڕزگارکردنی خاکەکەیان لە داعش و بەردەوام دەبن لە شەڕکردن هەتاوەکو تەواوی خاکی سوریا لە چەکدارانی داعش پاکدەکەنەوە.

تورکیا پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا پەیەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە بە بەشێـک لە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دادەنێت. بەڵام ئەمەریکا چەندان جار جەختی کردووەتەوە یەپەگە کە بەشێـکی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتە پەیوەندی بە پەکەکەوە نیـیە.

XS
SM
MD
LG