Accessibility links

تورکیا ناڕەزایی بەرامبەر لێدوانێـکی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەردەبڕێت


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت کاربەدەسـتانی وڵاتەکەی بە سەرسوڕمانەوە گوێبیستی لێدوانەکەی ڕۆژی شەممەی جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بوون، کاتێـک پـێکەوە ناوی تورکیا و یەپەگەی هێنابوو.

تانجو بیلگیج ڕۆژی دووشەممە گوتی" جۆن کێربی تورکیای هاوپەیمانی ئەمەریکای لەگەڵ ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی وەکو یەپەگەی خستە یەک ڕیزەوە."

گوتیشی کاربەدەسـتانی تورکیا زۆر بە توندی ناڕەزایی خۆیان لەم بارەیەوە دەبڕیوە و بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیـیان بە کاربەدەسـتانی ئەمەریکاوە کردووە.

پاشان گوتی سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر یەپەگە و پەیەدە کە پەیوەندیـیان بە پەکەکەوە هەیە، ڕوون و ئاشکرایە. باسی لەوەش کرد کاتێـک لەم دوایـیانە جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی تورکیای کرد بەڵگەی خراوەتە بەردەم کە دەیسەلمێنێت یەپەگە پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی شەممە پاش ئەوەی تورکیا تۆپـبارانی هێزەکانی یەپەگەی کرد لە ڕۆژهەڵاتی عەفرین، جۆن کێربی ڕاگەیاندنێـکی بڵاوکردەوە و تیایدا گوتی داوا لە یەپەگە دەکەین ئەم دۆخەکە نەقۆزێتەوە و پـێشڕەوی بکات و لە هەمان کاتیشدا داوا لە تورکیا دەکەین ئەو تۆپـبارانە ڕابگرێت.

XS
SM
MD
LG