Accessibility links

تورکیا داوای لابردنی نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش دەکات

  • VOA News

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت برێت مەکگورک نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش بە ئاشکرا پشـتیوانی لە یەپەگە و پەکەکە دەکات، وە لابردنی لەو پـۆستە سوودی دەبێت.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە چاوپـێکەوتنێـکدا لەگەڵ کەناڵی NTV ی تورکی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەمەریکا خوازیارە بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققە هاوکاری لەگەڵ تورکیا بکات، بەڵام ئەنکەرە مەرجی هەیە، ئەویش بەشداری لە هیچ ئۆپەراسیۆنێـکدا ناکات تیایدا یەپەگە بەشداربێت و دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ گروپی ڕاست بکرێت و پلان بۆ ئایندەی سوریا لە پاش شەڕی داعش دابنرێت.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا پاش دوو ڕۆژ دێت لەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە کۆشـکی سـپی لەگەڵ سەرۆک ترامپ کۆبووەوە.

چاوش‌ئۆغڵو گوتی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا بەڵێنیان پـێداون ئەو چەکانەی بە یەپەگە دەدرێن تەنها بۆ ڕزگارکردنی شاری ڕەققە بەکاردەهێنرێن و ڕێگە نادەن یەپەگە و پەیەدە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر تورکیا.

گوتیشی ئەردۆغان لای خۆیەوە بە ئەمەریکایـیەکانی گوتووە ئەگەر بێت و ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک لە لایەن پەیەدە و یەپەگەوە ببنەوە، ئەوا تورکیا بۆردومانیان دەکات. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لایەنی ئەمەریکایی هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنیـیان لەم بارەیەوە نەبووە.

هەروەها گوتی بە ئەمەریکایـیەکانیان گوتووە پەیەدە نەک لە مەنبج و گرێ سپی کە دانیشتوانەکانیان عەرەبن نەڕۆیشتووەتە دەرێ، بەڵکو ڕاشیگواستوون. گوتیشی پـێـیان وتوون یەپەگە ئامانجی ڕزگارکردنی ڕەققە لە داعش نیـیە، بەڵکو فراوانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیەتی و پاشان ڕاگەیاندنی دەوڵەتێـک.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە درێژەی چاوپـێکەوتنە تەلەفیزیۆنیـیەکە لە بارەی لێدوانی کاربەدەستانی ئەڵمانیا بۆ گواستنەوەی هێزەکانیان لە بنکەی لەشکری ئنچەرلیک، گوتی" ئەگەر دەیانەوێت بڕۆن با بڕۆن، خۆ لێـیان ناپاڕێنەوە. خۆیان ویستوویانە بێن و ئێمە یارمەتیمان دان."

گوتیشی دەبێت ئەڵمانیا ڕەفتاری بەرامبەر تورکیا بگۆڕێت و چیتر ناتوانن بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکەن وەک ئەوەی خۆیان دەیانەوێت. گوتی ئەگەر ئەڵمانیا خوازیارە لە تورکیا نزیک ببێتەوە ئەوا دەبێت وەکو دۆستێـک مامەڵەی لەگەڵدا بکات نەک فەرمانی بەسەردا بکات.

جێی ئاماژەیە دوێنێ چوارشەممە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتی وڵاتەکەی ماوەیەکە تاووتوێی گواستنەوەی هێزەکانی لە ئنچەرلیکەوە بۆ بنکەیەکی لەشکری لە ئوردن دەکات.

XS
SM
MD
LG