Accessibility links

کاربەدەسـتانی تورکیا ناڕەزایی توند بەرامبەر پـڕچەککردنی یەپەگە دەردەبڕن

  • VOA News

کاربەدەسـتانی باڵای تورکیا ئەوپەڕی ناڕەزایی وڵاتەکەیان بەرامبەر بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا دەربڕی بۆ پـڕچەککردنی هێزەکانی پاراستنی گەل لە سوریا (یەپەگە).

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە داوای لە واشنتن کرد دەسـتبەجێ لە بڕیارەکەی پاشگەزببێتەوە و دەڵێت دەبێت ئەمەریکا پشـتیوانی لە هاوپەیمانانی بکات نەک لە گروپی تێرۆرستی.

بن عەلی یڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا ئەویش گوتی نابێت ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی بەکاربهێنرێت بۆ لەناوبردنی ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی دیکە، ئەگەر نا ئەو ڕێکخراوە تێرۆرستیـیە دەبێتە بەڵا و زیان بەوانە دەگەیەنێت کە پشتیوانی دەکەن.

گوتیشی ئەمەریکا هەستیاری تورکیای لەم بارەیەوە ڕەچاو نەکردووە و ئاکامەکانی نەک تەنها بەسەر ئەنکەرە دەشکێتەوە، بەڵکو بەسەر ئەمەریکاش.

نورەدین جانیکلی جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا ناڕەزای خۆی دەربڕی و گوتی ئەم سیاسەتەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا پەیڕەوی دەکات سوودی بۆ هیچ لایەک نابێت و وەکو ئەوە وایە لەگەڵ ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکاندا بچیتە یەک سەنگەرەوە.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت هەر چەکێـک بکەوێتە دەسـتی یەپەگەوە هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا. گوتیشی پەکەکە و یەپەگە دوو ڕێکخراوی تێرۆرستین هیچ جیاوازیـیان نیـیە تەنها ناوەکانیان نەبێت. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پێشتر کە چەک بە یەپەگە درابوو لە کۆتایـیدا کەوتوونەتە دەسـتی پەکەکەوە.

گوتیشی ئەردۆغان لە میانەی سەردانەکەی بۆ واشنتن لە 16 و 17 ی ئەم مانگی پـێنجە، بابەتەکە لەگەڵ سەرۆک ترامپ دەخاتە بەرباس.

فکری عیشق وەزیری بەرگری تورکیا گوتی بڕیاری پـڕچەککردنی یەپەکە "قەیرانە" و ئەنجامەکەی هیچ لە بەرژەوەندی واشنتن یان ناوچەکە ناکەوێتەوە. باسی لەوەش کرد تورکیا پشـتیوانی لە هیچ ئۆپەراسیۆنێـکی ناو سوریا ناکات کە تیایدا ڕێکخراوی تێرۆرستی بەشداربن.

XS
SM
MD
LG