Accessibility links

ڕۆژنامەیەکی تورکیا: ئەنکەرە داوا لە واشنتن دەکات بنکە سەربازیـیەکانی لە سوریا ڕادەستبکات


ڕۆژنامەی حوڕەیەتی تورکیا بڵاویکردووەتەوە کە چاوەڕوان‌دەکرێت کاربەدەستانی وڵاتەکەی لە میانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکا داوابکەن ئەمەریکا بنکە لەشکریـیەکانی لە سوریا ڕادەستی هێزەکانی تورکیا بکات یان وێرانیان بکات بەر لەوەی جێیانبهێڵێت.

ڕۆژنامەکە دەڵێت پـێشبینی دەکرێت ئەم داوایە ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی کۆبوونەوەی ئیبراهیم کالن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لەگەڵ جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بخرێتە ڕوو.

بەپـێی حورەیەت ئەمەریکا 22 بنکەی سەربازی لە سوریا هەیە وە ئەنکەرە قایل نابێت ئەو بنکانە بدرێن بە هێزەکانی یەپەگە کە بە کۆمەڵێکی تێرۆرستی ناودێریان دەکات.

جۆن بۆڵتن بەر لەوەی بگاتە تورکیا، لە ئیسرائیلەوە گوتی پـێویستە ئەنکەرە دڵنیایی بدات لەوەی هێزە کوردیـیەکانی هاوپەیمانی واشنتن لە سوریا پارێزراو دەبن.

هەفتەی ڕابردوو کاربەدەستێکی باڵای ئاسایشی تورکیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووبوو دەبێت واشنتن ڕێگە بە تورکیا بدات بنکەکانی لە سوریا بەکاربهێنێت.

هەرچەندە کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی ئەمەریکا و کاربەدەستانی تورکیا تەواوبوون، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێشتا ڕوون نیـیە ئایا هەردوولا بە مەرجەکانی یەکتر قایلبوون یان نا.

XS
SM
MD
LG