Accessibility links

سەرۆکی تورکیا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا کۆنابێتەوە


چاوەڕوان‌دەکرا جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنکەرە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆببێتەوە، بەڵام میدیاکانی دەوڵەتی تورکیا دەڵێن سەرۆکی وڵاتەکەیان هیچ بەڵێنی نەدابوو لەگەڵ جۆن بۆڵتن کۆببێتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو گوتیشی شاندەکەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جۆن بۆڵتن و ئەندامێتی جۆزێف دەنفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا و جێمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ مەسەلەی سوریا لەگەڵ ئیبراهیم کالن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا و سادات ئۆنال یاریدەرەی وەزیری دەرەوە و یونس ئیمرە قرە عوسمان‌ئۆغڵو یاریدەدەری وەزیری بەرگری و جەمالەدین چەلیک یاریدەدەری سەرۆکی هەواڵگری بۆ ماوەی زیاتر لە 2 کاژمێر کۆبوونەتەوە.

پاش کۆبوونەوەکە ئیبراهیم کالن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی داوکاریـیەکانیان داوە بە شاندەکە، لەوانە سەندنەوەی ئەو چەکانەی بە هێزە کوردیـیەکان دراون بۆ شەڕی دژی داعش.

لە لایەکی سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ لە وتارێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی (ئاکەپە) ڕەخنەی توندی لە لێدوانەکانی جۆن بۆڵتن گرت کە تیایدا داوایکردبوو تورکیا دڵنیایی بدات لەوەی هێزە کوردیـیەکانی سوریا پارێزراو دەبن. ئەردۆغان گوتی ئەنکەرە ناتوانێت لە بواری نەهێشتنی تێرۆرزم دانەواندن بکات.

پاشان جەختی کردەوە لەوەی وڵاتەکەی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا و گوتی ئامادەکاریـیەکان بۆ ئەو مەبەستە وا بەرەو کۆتایی دەگەن و لە نزیکترین کاتدا دەست بە هێرشەکە دەکرێت.

هاوکات دەوڵەت باهچەلی سەرۆکی مەهەپە ئەویش لە وتارێکدا بۆ پەرلەمانتارانی مەهەپە گوتی دەبێت وڵاتەکەی هێرشی خۆی بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات ئەنجام بدات بەبێ گوێدانە بەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە دەیڵێن.

XS
SM
MD
LG