Accessibility links

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕەخنەی توند لە ئەمەریکا دەگرێت


وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕەخنەی توندی لە ئەمەریکا گرتووە لە بەرامبەر پشتیوانیکردنی لە هێزە کوردیـیەکانی سوریا لە شەڕی دژی داعش.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو، سلێمان سۆیلو ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکیدا لە ویلایەتی قەستەمۆنی گوتویەتی" ئەمەریکا لەسەر سنووری تورکیا یارمەتی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان دەدات و لە سەروو هەموویانەوە ڕێکخراوی پەکەکە و باڵە سوریایـیەکەی "پەیەدە" و لەگەڵ ئەوەش شارەزایان ڕەوانەی چیای قەندیل دەکات بۆ ڕاهێنانی تێرۆرستان لەسەر نوێترین چەک." گوتوشیەتی واشنتن بە هەزاران ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر چەکی بۆ "پەیەدە" ناردووە.

سۆیلو لە درێژەی وتارەکەی" گوتویەتی ئەمەریکا لە دوای ئەوەوە دێت و دەڵێت ئێمە هاوپەیمانین لەگەڵ تورکیا، نەخێر ناکرێت پەیوەندی هاوپەیمانێتی بەو شێوەیە بێت."

پاشان گوتویەتی ئەمەریکا لە لایەک پشتیوانی پەکەکە دەکات و لەملاوە هەوڵی فریودانی تورکیا دەدات بەوەی دەڵێت 3 تێرۆرستی خستووەتە لیستی ئەوانەی داوای دەسـتگیرکردنیان کراوە.

سلێمان سۆیلو لە دوا ڕەخنەشی دەڵێت "ئەمەریکا پاڵپشتی پەکەکە و پەیەدەی کردووە و داعشی دروستکردووە و هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی گولەنی تێرۆرستی داڵدەداوە کە هەستابوون بە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکە لە تورکیا."

ئەم لێدوانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کاتێکدایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وابەستەیی خۆی بە ئاسایشی تورکیا دەربڕیوە و دووپاتی کردووەتەوە تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی ناتۆیە.

XS
SM
MD
LG