Accessibility links

چاوش‌ئۆغڵو: کارێکی ڕاست نابێت لە ئێستادا تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا وتووێژ لە بارەی ناوچەی پارێزراو لە سوریا بکات


ڕۆژنامەی حوریەتی تورکی دەڵێت وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان گوتویەتی کارێکی ڕاست نابێت تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا وتووێژ بکات لە بارەی شیانی دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو لە سوریا.

ڕۆژنامەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە زاری مەولود چاوش‌ئۆغڵو بڵاویکردووەتەوە و نووسیویەتی "لەم ماوەیە تورکیا بڕوای بە ئەمەریکا نەماوە، بۆیە هەتا جارێکی دیکە متمانە بە ئەمەریکا نەکرێتەوە، کارێکی ڕاست نابێت لە بارەی ئەم جۆرە پـرسانەوە وتووێژی لەگەڵدا بکرێت."

جێی ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممە میدکانی تورکیا لە زاری چاوش‌ئۆغڵووە بڵاویانکردەوە کە گوتبووی ڕیکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پـێشنیاریکردووە ناوچەیەکی پارێزراو بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر بە درێژایی سنووری نێوان تورکیا و سوریا دروستبکرێت.

لە لایەکی دیکە هەر ئەمڕۆ بەکر بوزداغ جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا کە بۆخۆشی گوتەبێژی حکومەتە، لە چاوپێـکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی خەبەری تورکی گوتی" ئەگەر ئەمەریکا خوازیارە خۆی لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تورکیا لە سوریا بەدوربگرێت، ئەوا دەبێت واز لە پشتیوانیکردنی تێرۆرستان بهێنێت."

بوزداغ گوتوشیەتی ئەوانەی پشـتیوانی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان دەکەن دەبنە ئامانجمان لەم شەڕەدا.

XS
SM
MD
LG