Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت هەتا ئێستا ئەمەریکا بەڵێنەکانی بۆ ئێمە نەبردووەتەسەر


سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە لەسەر پـرسی پشتیوانیکردن لە هێزە کوردیـیەکانی سوریا ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرتەوە و گوتی هەتا ئێستا واشنتن بەڵێنەکانی بۆ ئێمە لەم بارەیەوە نەبردووەتەسەر.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارەکەیدا بۆ پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی لە ئەنکەرە گوتی ئەمەریکا 5 هەزار ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر چەک و تەقەمەنی بۆ یەپەگە ناردووە وە ئێستا ئەو چەکانە لە دژی سوریـیەکان بەکاردەهێنرێن. گوتیشی بە وێنە و ڤیدیۆ ئەوەیان سەلماندووە و هۆشداریـیان بە ئەمەریکایـیەکان داوە و ئەوانیش لە بەرامبەردا بەڵێنیان بە ئەنکەرە دابوو لە ماوەی دوو بۆ پـێنج ڕۆژدا کێشەکە چارەسەربکەن، بەڵام هەتا ئێستا واشنتن ئەو بەڵێنانەی نەبردووەتەسەر.

سەرۆکی تورکیا گوتیشی سەرەڕای ئەمە ئەوان بەردەوام دەبن لە وتووێژەکانیان لە ئەمەریکا و هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بە پـرسی سوریا، نمونەشی بۆ ئەوە هێنایەوە و گوتی دوێنێ دووشەممە لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا و حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران پەیوەندی تەلەفونی کردووە.

هەروەها ئەردۆغان لە میانەی وتارەکەی باسی لە هێرشی سەر عەفرین کرد و گوتی لە ئۆپەراسیۆنەکەیان کە ناوی چڵە زەیتونیان لێناوە بەردەوام دەبن و هێزەکانی وڵاتەکەی لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو گەمارۆی عەفرین دەدەن.

لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ماوەی یەک مانگی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، هێزەکانی تورکیا و چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە توانیویانە شارۆچکەی بلبلە و 45 گوندی عەفرین کۆنترۆڵبکەن، ئەمەش پاش گیان لەدەستدانی 112 کەسی سیڤیل لە کورد و عەرەب و ئەرمەن، لەوانە 23 منداڵ و 17 ژن و هەروەها 219 شەڕڤان لە هێزە کوردیـیەکان کە دووانیان ڕەگەزنامەی بیانیـیان هەیە.

کۆمەڵەکە لەسەر ماڵپەڕەکەشی نووسیویەتی هەتا ئێستا 39 سەربازی تورک و 205 چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی سوریاش کوژراون. لەگەڵ ئەم زیانە گیانیـیانە بە دەیان کەسی دیکەش لە هەردوولا برینداربوون.

ئاماژەی بۆ زیانە مادیـیەکانیش کردووە کە بەر شوێنی سیڤیل و شوێنە گرنگەکانی عەفرین کەوتوون لە ئاکامی تۆپـباران و بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا، لەوانە بەنداوی مەیدانکێ و هەرسێ شوێنەواری مێژوویی عەین دارە و دێر مشمش و نەبی هوری.

XS
SM
MD
LG