Accessibility links

ئەردۆغان بۆ ئەمەریکا: گولەنمان ڕادەست نەکەن ئێمەش هیچ تێرۆرستێکتان ڕادەست ناکەین


سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەگەر بێت و ئەمەریکا ئەو پیاوە ئاینیـیە تورکەی ڕادەسـت نەکات کە تۆمەتباری دەکات بە هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، ئەوا هیچ تێرۆرستێک ڕادەستی ئەمەریکا ناکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە وتارێکیدا لە ئەنکەرە گوتی " هەتا ئێستا 12 تێرۆرستمان ڕادەستی ئەمەریکا کردووە، بەڵام ئەو کەسەی ئێمە داوامانکردووە ناماندەنەوە. بیانووی بێ مانا دەهێننەوە."

گوتیشی" ئەگەر گولەنمان ڕادەستنەکەن، ئەوا بمانبەخشن، هەتا من لەسەر دەسەڵات بم چیتر هیچ تێرۆرستێک داوای بکەن ڕادەستان ناکەین."

هەروەها ڕەخنەیەکی دیکەی لە ئەمەریکا گرت و گوتی " ئەمەریکا گوێ لە ئێمە ناگرێت، بەڵام گوێ لە پەیەدە و یەپەگە دەگرێت. ئایا هاوبەشی ستراتیژی بەو شێوەیە هەیە؟"

پاشان جارێکی دیکە ناڕەزایەتی خۆی لە بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتی کوردی سوریا دەربڕی و گوتی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت دەوڵەتێک لە باکوری سوریا دابمەزرێنن، هیوابڕاو دەبن و دەبینن تورکیا چی دەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد دەستوری تورکیا ئەوەی خۆیان بە "میساقی میلـلی" ناوی دەبن، ماف بە ئەنکەرە دەدات دەستی هەبێت لە دیاریکردنی چارەنووسی چەندان ناوچەی دەرەوەی سنووری تورکیا، لەوانە حەڵەب.

گوتیشی تورکیا ئەو وڵاتە نیـیە کە بتوانرێت سیاسەتە ناهاوسەنگیـیەکانی ئەمەریکای بەسەردا بسەپـێندرێت.

XS
SM
MD
LG