Accessibility links

تورکیا ئەو ڤیدیۆیە بڵاودەکاتەوە کە پـیشانی کاربەدەستانی ئەمەریکایان داوە


سەرۆکایەتی تورکیا ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکردووەتەوە کە سەرۆکی تورکیا لە میانەی سەردانەکەی بۆ واشنتن پـیشانی کاربەدەستانی ئەمەریکای دابوو، گوایە مەزڵوم عەبدی بەرپـرسە لەو تەقینەوانەی لە ناو تورکیا کرابوون.

فەخرەدین ئاڵتون بەڕێوەبەری پەیوەندیـیەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لەسەر تویتەرەکەی ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیویەتی"ئەمە ئەو ڤیدیۆیەیە کە لەلایەن سەرۆک ئەردۆغانەوە پـیشانی سەرۆک ترامپ و سیناتۆرانی ئەمەریکا دراوە لە میانەی کۆبوونەوەیان لە کۆشکی سپی.
ڤیدیۆکە وردەکاری ئەو کوشتنکاریـیانە پـیشان دەدات کە لایەن تێرۆرستی ناسراو بە مەزڵوم کۆبانی ئەنجامدراون."

ڤیدیۆکە بە زمانی ئینگلیزی ئامادەکراوە و تیایدا تەنیا مەزڵوم عەبدی تۆمەتباردەکرێت بە کوشتنی 313 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی تورکیا. دەشڵێت لە نێوان ساڵانی 1991 هەتا 1995 هێرشی کردووەتە سەر 29 بنکەی پـۆلیس.

تەواوی هێرشەکانی لە ڤیدیۆکەدا ئاماژەیان پـێکراوە دەگەڕێنەوە بۆ پـێش ساڵی 2012 ، ئەوەی تورکیا ڕازیبوو لە ڕێگەی دیالۆگی سیاسی کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەربکرێت و پـرۆسەی ئاشتی دەستیپـێکرد.

میدیاکانی ئەمەریکا ڤیدیۆکەیان بە ڤیدیۆیەکی پـرۆپاگەندەیی ناودێرکرد وە دەڵێن لە کاتی پـیشاندانی ئەم ڤیدیۆیە بە سەرۆکی ئەمەریکا و پـێنج سیناتۆری ئەمەریکایی کە لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوون، سیناتۆر لیندزی گراهام وەڵامی سەرۆکی تورکیای داوەتەوە و گوتویەتی " دەتەوێت کوردەکانیش بهێنم ڤیدیۆیەکت پـیشان بدەن کە هێزەکانی تۆش چییان کردووە؟"

XS
SM
MD
LG