Accessibility links

تورکیا: ئەمەریکا هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ پێکهێنانی کۆمەڵەی کار سەبارەت بە سیستمی ئێس 400


سیستمی بەرگری موشەکی ئێس 400 ی ڕوسی
سیستمی بەرگری موشەکی ئێس 400 ی ڕوسی

سەرۆکی دەزگای پیشەسازی بەرگری تورکیا وتی هێشتا ئەمەریکا هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی کاری هاوبەش بۆ هەڵسانگاندنی ترسەکانی سەبارەت بە کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس 400 ی ڕوسی لەلایەن تورکیاوە.

واشنتن و ئەنقەرە بە ئاشکرا ناکۆکییان هەیە سەبارەت بە کڕینی ئێس 400 ی ڕوسی لەلایەن تورکیاوە و ئەمەریکا دەڵێت ئەو سیستمە لەگەڵ سیستمە بەرگرییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا ناگونجێت.

واشنتن دەڵێت سیستمە موشەکیە بەرگرییە ڕوسییەکە هەڕەشەیە بۆ سەر فڕۆکە جەنگییە ئێف 35 ەکانی ئەمەریکا کە کۆمپانیای لۆکهید مارتن بەرهەمیان دەهێنێت، هەروەها هۆشیاریشیدا لەوەی ئەمەریکا سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت ئەگەر هاتوو تورکیا ئەو سیستمە لە ڕوسیا بکڕێت.

تورکیا کە هاوبەشێکی سەرەکییە لە پڕۆگرامی ئێف 35 دا و کڕیارییەتی وتی سیستمی ئێس 400 کارناکاتە سەر فڕۆکەکان، هەروەها پێشنیاری ئەوەی بۆ واشنتن کردووە لیژنەیەکی کاری هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ هەڵسانگاندنی کاریگەری سیستمەکە لەسەر فڕۆکە جەنگیە ئێف 35 ەکانی ئەمەریکا.

سەرۆکی دەزگای پیشەسازی بەرگری تورکیا ئیسماعیل دەمیر لە ئەنقەرەی پایتەخت بە ڕۆژنامەنووسانی وت وڵاتەکەی ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر ترسەکانی ئەمەریکا بکات.

وتیشی " ئەگەر سەرچاوەی نیگەرانییەکانی ئەمەریکا بابەتێکی هونەرییە و پەیوەندیی هەیە بە بڵاوکردنەوەی سیستمی ئێس 400 ەوە لە تورکیا، ئەوا ئێمە چەند جارێک وتوومانە ئامادەین گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین."

دەمیر وتی " بەڵام ئەمەریکا هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ پێکهێنانی ئەو کۆمەڵە کارە و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە."

ئەم لێدوانەی دەمیر دوای ئەوە هات وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت پاتریک شانەهان لێدوانێکی ئاڕاستەی هاوتا تورکییەکەی کرد و تیایدا ڕوونی کردەوە ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لە گرێبەستی ئێس 400 ی ڕوسی ئەوا ئەمەریکا تورکیا لە پڕۆگرامی ئێف 35 دەردەهێنێت.

دەمیر وتی وەزارەتی بەرگری تورکیا و دەزگاکەی بەزووترین کات وەڵامی لێدوانەکەی ئەمەریکا دەدەنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG