Accessibility links

تورکیا ڕەخنە لە بەیاننامەیەکی ئەمەریکا دەگرێت سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتەکە


وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕەخنەی لە بەیاننامەیەکی ئەمەریکا گرت سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆدا و وتی ئەوەی لە بەیاننامەکەدا هاتووە سەبارەت بە سوریا و کارمەندانی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە تورکیا کە دەستگیرکراون ڕەنگدانەوەی ڕاستی نین.

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا گرژییان تێکەوت بەهۆی کۆمەڵێک بابەتەوە، لەوانەش ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە قەیرانی سوریا و چارەنووسی کارمەندانی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە تورکیا کە دەستگیرکراون و هەروەها کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسی لەلایەن تورکیاوە.

چاوش ئۆغلۆ بە زمانێکی توند لە بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەیدا دەڵێت سەری سوڕماوە لە بەیاننامەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پەمپیۆدا.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە واشنتن وتی " پێمان وایە ئەو زمانەی لە بەیاننامەکەدا هاتووە و ئەو ڕستانەی کە گوایە پەمپیۆ بە ئێمەی وتووە ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکان نین."

لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕەخنەی لە بەیاننامەکەی ئەمەریکا گرت و وتی ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەبووە و ئاماژەی بە هەندێک بابەت داوە کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر نەکراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG