تورکیا جارێکی دیکە داوای لە ئەمەریکا کرد چیتر یارمەتی هێزە کوردیـیەکانی سوریا نەدات، ئەمەش هاوکاتی هەوڵەکانی واشنتن بۆ ڕازیکردنی ئەنکەرە لەوەی هێرش نەکاتە سەر ئەو هێزە کوردیـیانە.
مەولود چاوشئۆغڵو ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە گوتی چاوەڕوانن ئەمەریکا بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی داواکاریـیەکانیان بداتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە یارمەتیدانی هێزەکانی یەپەگە.
هاوکاتی ئەم لێدوانەی چاوشئۆغڵو، کاربەدەستانی لەشکری تورکیا و ئەمەریکا لە ئەنکەرە وتووێژ دەکەن لە بارەی دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا بە ئامانجی دورخستنەوەی هێزە کوردیـیەکان لە سنوورەکانی تورکیا.
وەزارەتی بەرگری تورکیا گوتی خولی دووەمی وتووێژەکان سەبارەت بە ناوچەی ئارام لە بەیانی ئەمڕۆوە لە بارەگای وەزارەتەکەیان دەسـتیپـکردووە.
خولی یەکەم لە 23 ی مانگی حەوت بەڕێوەچوو، بەڵام بە هیچ ڕێکەوتنێک نەگەیشتن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە گوتی وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی دیکە لەشکری لە دژی هێزە کوردیـیەکان لە ناو خاکی سوریا ئەنجام دەدات.