Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا وەڵامی ئاگاداریـیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی بە ئەمەریکای گوتووە باکی بە هیچ هەڕەشەیەک نیـیە و خەڵکی تورکیا قایلە برسی و توینی بکرێت، بەڵام قبوڵی نیـیە چۆک دابدات.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە وەڵامی نووسینەکەی سەرۆک ترامپی دایەوە کە شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی تویتەرەکەی ڕایگەیاند تورکیا لە ڕووی ئابوریـیەوە وێراندەکرێت ئەگەر بێت و هێرش بکاتە سەر کوردەکانی سوریا.

چاوش‌ئۆغڵو گوتیشی هاوبەشە ستراتیژیـیەکان ناچن لە ڕێگەی تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیـیەوە لێدوان بۆ یەکتر بدەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد تورکیا و ئەمەریکا بە هیچ ئەنجامێک ناگەن ئەگەر واشنتن پەکەکە لە کورد جودا نەکاتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە تویتەرەکەی هەروەها پـێشنیاری ناوچەیەکی ئارامی لە باکوری سوریا کردووە بە قوڵایی 20 میل. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم بارەیەوە گوتی ئەنکەرە لە دژی ئەم هەنگاوە نیـیە و ئەمە بیرۆکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بووە کە بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا پـێکبهێنرێت. گوتیشی ئەردۆغان ئەمەی بۆ هەموو وڵاتانی ئەوروپا و ڕووسیا پـێشنیارکردووە.

XS
SM
MD
LG