Accessibility links

بەهچەلی: ئەمەریکا لە هەموو کەس باشتر شوێنی سەرکردەکانی پەکەکە دەزانێت


ڕێبەری پارتی مەهەپەی تورکیا گومانی خۆی دەردەبڕێت لەوەی ئەمەریکا جیدی بێت لەو ڕاگەیاندنەی بڵاویکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی شوێنی سێ سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

دەوڵەت بەهچەلی لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ئەمەریکا لە هەموو کەس باشتر شوێنی ئەو سێ سەرکردەیەی پەکەکە دەزانێت و ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بیاندۆزێتەوە.

پاشان بەهچەلی بڕیارەکەی ئەمەریکا بە گەمەیەکی نوێ ناودێردەکات، دەڵێت بەمە خوازیارن وەها نیشانی بدەن یەپەگە لە پەکەکە جودایە لە کاتێکدا باش دەزانن پەکەکە و یەپەگە یەکن.

دواتر جەخت لەوە دەکاتەوە وڵاتەکەی ڕێگە نادات دەوڵەتێک بە ناوی کوردستانی گەورە دابمەزرێت، دەڵێت "تورکیا و گەلەکەی هەرگیز ڕێگە نادەن لەسەر سنووری باشوری تورکیا شتێک بە ناوی کوردستانی گەورە (واتە ئیسرائیلی گەورە) پـێکبهێنرێت."

تورکیا خوازیارە ئەمەریکا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) وەک بەشێک لە پەکەکە دابنێت، بەڵام ئەمەریکا ئەم خواستەی تورکیا ڕەتدەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG