Accessibility links

تورکیا دەڵێت 12 کەسی دەسـتگیرکردووە بە تۆمەتی پەیوەست بە داعشەوە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی دەوڵەتی تورکیا دەڵێت هێزەکانی پـۆلیسی وڵاتەکەیان 12 کەسیان لە ئەنکەرە دەسـتگیرکردووە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە داعشەوە.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند داواکاری گشتی لە ئەنکەرە فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ 20 کەس دەرکردووە کە هەموویان بیانین و هەوڵیان دابوو خەڵکی بکەنە داعش.

ئۆفیسی فەرمانڕەوای ئەنکەرە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی ڕێوشوێنی ئاسایشی زیاتر گیراونەتەبەر پاش ئەوەی زانیاری هەواڵگری ئەمەریکایی ئاماژەیان بۆ شیانی ڕوودانی هێرشێک بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و چەند شوێنێکی دیکە کردبوو کە کەسانی ئەمەریکایـیان لێـیە.

هەروەها میدکانی تورکیا دەڵێن 4 عێراقی لە شاری شمشونی سەر دەریای ڕەش دەسـتگیرکراون بە تۆمەتی پـلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا.

ڕۆژنامەی حوریەتیش دەڵێت فەرمانی دەسـتگیرکردنەکان پەیوەندیـیان بەو بەیانـنامەیەی دوێنێ یەکشەممەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە هەیە کە تیایدا ڕاگەیەندراوە بۆ ڕۆژی دووشەممە دەرگاکانی دادەخات بەهۆی بوونی هەڕەشەی ئاسایشیـیەوە. هەروەها داوای لەو ئەمەریکایـیانە کرد کە لەو وڵاتەن، خۆیان بە دوربگرن لە ناوچەی قەرەباڵغ و شوێنی باڵیۆزخانەکە و وریای خۆیان بن کە دەچنە شوێنە گەشتیاریـیەکان.

XS
SM
MD
LG