Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا: بەم زووانە لەگەڵ ئەمەریکا شەڕێـکی گشتگیر لە دژی داعش دەسـتپێدەکەین


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت فڕۆکەکانی ئەمەریکا وا دەسـتیانکردووە بە گەیشتن بۆ فڕۆکەخانەی ئنچەرلێـک لە باشوری تورکیا، ئەمەش لە چوارچێوەی پـلانێـک بۆ نەهێشتنی چەکدارانی داعش لە ناوچەیەکی سەرسنووری سوریا لەگەڵ وڵاتەکەیدا.

مەولود چاووش ئۆغڵو ڕۆژی چوارشەممە ئەمەی بۆ پەیامنێران ڕاگەیاند لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ جان کێری هاوتا ئەمەریکایـیەکەی لە پەراوێزی کۆنفرانسی وەزیرانی دەرەوەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە كوالالەمپـوری پایتەختی مالیزیا.

چاووش ئۆغڵو هەروەها گوتی تورکیا و ئەمەریکا پـێکەوە بەم زووانە دەسـتدەکەن بە شەڕێـکی گشتگیر لە دژی داعش، ئەمەش دەبێتە مایەی دروسـتبوونی ناوچەیەکی پارێزراو بۆ هێزە میانڕەوەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا و هەروەها بۆ ئەو پەنابەرانەشی خوازیارن بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنەوە.

پاشان جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە هەنگاو بنرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێـکی سیاسی بەبێ بەشار ئەسەد لە سوریا، گوتیشی وتووێژ بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامە.

دواتر وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد محەمەد جەواد زەریف هاوتا ئێرانیـیەکەی هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەنکەر دەکات بە مەبەسـتی وتووێژکردن لە بارەی پەیوەندیـیە دووقۆڵیـیەکان نێوان هەردوو وڵات و مەسەلە هەرێمیـیەکان.

XS
SM
MD
LG