Accessibility links

وەزیری دادی تورکیا دەڵێت لەو بڕوایەدایە ئەمەریکا فەتحوڵڵا گولەن ڕادەستی وڵاتەکەی دەکاتەوە


وەزیری دادی تورکیا دەڵێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وڵاتێـکی گەورەیە و لە کۆتایدا بەو پـێـیە مامەڵە دەکات، بۆیە بڕوای وایە ئەمەریکا فەتحوڵڵا گولەن ڕادەسـتی تورکیا دەکاتەوە.

بەکر بۆزداغ ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو لە ئەنکەرە ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و گوتی چیتر گولەن وەکو ئامرازێـکی بە سوود بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە نەماوەتەوە.

گوتیشی "وەکو ڕۆژی ڕووناک دیارە فەتحوڵڵا گولەن نەک هەر لە پشـت هەوڵی کودەتاکەوە بووە، بەڵکو لە نێویشیدابووە."

باسی لەوەش کرد ئەمەریکا و ئەوروپاش بە ڕوونی ئەمە باش دەزانن، بۆیە تورکیا چاوەڕوانە گولەنی ڕادەسـتبکەن. پاشان گوتی" کاتێـک ئوسامە بن لادن هێرشی کردە سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک، ئایا ئەمەریکا هیچ بەڵگەیەکی بۆ جیهان خستە ڕوو کە بن لادن لە پشـت هێرشەکەوە بووە؟"

گوتیشی ناڕەزایـیەکی زۆر لە نێو شەقامی تورکیدا لە دژی ئەمەریکا هەیە و لە ئێستادا گەیشتووەتە ئەوپەڕی و وا بەرەو ڕق و کینە دەڕوات.

بۆزداغ لە درێژەی قسەکانی گوتیشی حکومەتەکەی بە ئیمەیڵ و نووسراوی فەرمی داوای لە ئەمەریکا کردووە فەتحوڵڵا گولەنی ڕادەسـتبکات. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد چوار دۆسێی جیاواز و سەدان دۆکۆمێنت لەگەڵ داواکە ڕەوانەکراون.

گوتی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا بە ڕژدی لە داواکە دەڕوانن و داوایان لە حکومەتی تورکیا کردووە شاندێـک ڕەوانەی ئەمەریکا بکات، تورکیاش بەو داوایە قایل بووە بەو مەرجەی سەرەتا شاندێـکی ئەمەریکایی سەردانی تورکیا بکات، بەڵام هێشتا ئەمەریکا وەڵامی نەداونەتەوە.

جێی ئاماژەیە لەوەتای هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوت شکستی هێناوە، تورکیا فەتحوڵڵا گولەن کەسایەتی ئاینی تورکی کە لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریکا دەژی، بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکە تاوانباردەکات، بەڵام گولەن بە توندی ئەو ئیدیعایە ڕەتدەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG