Accessibility links

تورکیا داواکەی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە عەفرین ڕەتدەکاتەوە


وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕەخنەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گرت کە داوایکردبوو ئەنکەرە پابەندی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ببێت و هێرشی سەر عەفرین ڕابگرێت.

حامی ئاقسۆی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی لێدوانەکانی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە دراون لە بارەی ئەوەی دەبێت تورکیا دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئاگربەست لە سوریا بە باشی بخوێنێتەوە، هیچ بنەمایەکی بۆ نیـیە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ لادان لە ناوەرۆکی بڕیارەکە.

پاشان نووسیویەتی" هێذەر ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا یان ئەوەتا نەیتوانیوە درک بەو هۆکارە بکات کە وایکرد ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری ئاگربەست بۆ سوریا بدات، یانیش هەوڵ دەدات لە مەبەستی بڕیارەکە لابدات."

حامی ئاقسۆی باس لەوە دەکات تورکیا لایەنێکی شەڕی ناوخۆی سوریا نیـیە و ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەی بۆ سەر عەفرین مافێکی ڕەوای خۆیەتی بەپـێی ماددەی 51 ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

XS
SM
MD
LG