Accessibility links

تورکیا هەوڵدەدات لەڕێی پێشنیاری پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا باش بکاتەوە


تورکیا هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ ئەمەریکادا، ئەوەش لەڕێی پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵەوە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، شارەزایانیش دەڵێن ئەو پێشنیارەی تورکیا پڕە لە مەترسی.

دوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، پارێزراوی فڕۆکەخانەی کابوڵ بووەتە کێشەیەکی گەورە.

فڕۆکەخانەی حامید کارزای نێودەوڵەتی بە شوێنێکی پارێزراو دادەندرێت بۆ گواستنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکان و یارمەتیە مرۆییەکان، کەوتنی فڕۆکەخانەکە دەبێتە هۆی دابڕانی ئەفغانستان لە هەموو جیهان.

پێشنیارە لەناکاوەکەی تورکیا بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەکە، هەلێکی بۆ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕەخساند تاوەکو لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا لەچوارچێوەی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا باشتر بکات.

سەرۆکی تورکیا دوو ئامانجی هەیە لەم پێشنیارەدا، یەکەمیان پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوایە و دووەمیشیان خۆبەدوورگرتنە لە شەپۆلی پەنابەران لەڕێی هێشتنەوەی ڕێگاکانی یارمەتیەکان بەکراوەیی.

بەڕێوبەری دامەزراوەی فریدریک ئیبەرت ستیفتونگی ئەڵمانی لە ئەفغانستان ماگادالین کریشنەر وتی " تورکیا بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لە سەقامگیری ئەفغانستاندا."

سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی تورکی وتی " ئامانجمان ئەوەیە ئەفغانستان لە جیهانی دەرەوە دانەبڕێت."

جێی ئاماژەیە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت 18 ملیۆن کەس کە دەکاتە نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستان پێویستیان بە یارمەتیە، لە کاتێکدا نیوەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە ئەفغانستان توشی بەدخۆراکی بوون.

لەلایەکی دیکەشەوە تورکیا لەگەڵ تاڵیباندا لە وتوێژدایە بە هیوای ئەوەی لەگەڵیدا ڕێکبکەوێت لەسەر ئەوەی هێزەکانی تورکیا نەبنە ئامانجی چەکدارانی تاڵیبان.

لەلای خۆشیەوە تاڵیبان بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە بوونی هێزی سەربازی تورکیا لە کابوڵ " نەویستراوە. "

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG