Accessibility links

ئەردۆگان: تورکیا " تەنها وڵاتە متمانەی پێبکرێت " لە ئەفغانستان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ، تورکیا " تەنها وڵاتە لە ئەفغانستان متمانەی پێبکرێت ". وتیشی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن تاوتوێی ئەو بابەتە دەکات.

لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ بەرلەوەی بەرەو بڕۆکسل بەڕێکەوێت، ئەردۆگان وتی " ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بەمزووانە ئەفغانستان جێبهێڵێت و کاتێک جێی دەهێڵێت تەنها وڵات کە متمانەی پێبکرێت و بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی لە ئەفغانستان، بێگومان تورکیا دەبێت."

ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆتا قۆناغی کشانەوەی هێزەکانیاندان لە ئەفغانستان، وابڕیارە تاوەکو 11ی مانگی نۆ سەرجەم هێزەکان لە ئەفغانستان بکشێنەوە.

ئەردۆگان ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە بەرپرسانی تورکی بە هاوتا ئەمەریکییەکانیان وتووە ئەنقەرە ئامادەیە هێزەکانی لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک ئاشکرا بکات.

وتی " ئەوان پێیان خۆشە، ئەرکی تایبەت بە ئەفغانستان لەگەڵ ئەواندا باس دەکەین."

جێی ئاماژەیە پێشتریش تورکیا ئاماژەی بەوەداوە دەیەوێت هێزە سەربازییەکانی لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە، بەڵام وردەکارییەکان لەم بارەیەوە هێشتا ڕوون نەبوونەتەوە.

بەرپرسێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " ئەگەر تورکیا بڕیاری مانەوە بدات ئەوا لەسەر چی بنەمایەک دەمێنێتەوە: لە چوارچێوەی چەتری هاوپەیمانێتی ناتۆدا یاخود ڕێکەوتنێکی دووقۆڵی، ئەگەر لەژێر سەرپەرشتی هاوپەیمانێتی ناتۆشدا بمێنێتەوە، لەژێر چ ڕێگەپێدانێکدا دەبێت؟"

بەرپرسەکە وتیشی هێزەکانی ڕۆژئاوا ئامادەن ڕێگە بە تورکیا بدەن لە ئەفغانستان بمێنێتەوە و فڕۆکەخانەی کابوڵ بپارێزێت.

لەلای خۆیەوە ڕۆژی شەممە تاڵیبان وتی دەبێت هێزە بیانییەکان " بەهیوای " ئەوەوە نەبن بوونی سەربازیی یاخود ئەمنییان لە ئەفغانستان بهێڵنەوە، ئاماژەی بەوەدا ئاسایشی باڵیۆزخانە و فڕۆکەخانەکان لە ئەستۆی ئەفغانییەکاندا دەبێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG