Accessibility links

ئەردۆگان: دادگای تورکیا بڕیار لەسەر چارەنووسی قەشە ئەمەریکییەکە دەدات


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی دادگای تورکیا بڕیار لەسەر چارەنووسی قەشە ئەمەریکییەکە دەدات کە ئێستا لە تورکیا لە زینداندایە بە تۆمەتی تیرۆر، ئەمەش لە دۆسییەیەکدا کە گرژی خستۆتە نێو پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیاوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی گەشبینە بەوەی تورکیا قەشە ئاندرو برانسن ئازاد دەکات لەم مانگەدا.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لە نیویۆرک ئەردۆگان وتی هەر بڕیارێک دەربچێت سەبارەت بە برانسن لە دادگاوە دەردەچێت.

وتیشی " ئەمە کاری دادگایە. بە تۆمەتی تیرۆر برانسن دەستگیرکراوە. لە دوانزەی مانگی 10 دا دانیشتنێکی دیکە دەکرێت و نازانین دادگا بڕیار لەسەر چی دەدات و سیاسەتمەدارانیش هیچ قسەیەکیان نابێت لە فەرمانی دادگادا."

ئەردۆگان وتی " وەکو سەرۆک هیچ مافێکی ئەوەم نیە بڕیار بدەم ئازاد بکرێت. دادگامان سەربەخۆیە، با چاوەڕێ بکەین و بزانین دادگا بڕیاری چی دەدات."

ئەردۆگان وتیشی " دۆسییەی برانسن هیچ پەیوەندییەکی بە ئابووری تورکیاوە نیە. لە ئێستادا زیادەڕۆیی دەکرێت لە کێشە داراییەکاندا و تورکیا بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ دەبێت."

وتیشی تورکیا سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، بەردەوام دەبێت لە کڕینی گازی سروشتی ئێرانی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG