Accessibility links

تورکیا بڕیاری دادگایەکی بەریتانیا ڕەتدەکاتەوە بۆ ڕادەستنەکردنی کەسێک بە وڵاتەکەیان


تورکیا ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بڕیاری دادگایەکی بەریتانیا کە ڕەتیکردەوە کاردارێکی بە ڕەچەڵەک تورک ڕادەستی تورکیا بکاتەوە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن، ئەوەی ئەنکەرە دەڵێت نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکەی ساڵی 2016 بووە.

حامی ئاکسۆی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڕیارەکەی ڕۆژی چوارشەممەی دادگای وێستمنستەری ڕەتکردەوە و مەخابەنی وڵاتەکەی لە بەرامبەری دەربڕی.

دادوەر جۆن زانی دوێنێ بڕیاری دا حەمدی ئەکین ئیپەک، خاوەنی کۆمپانیای کۆزا- ئیپەک بۆ کاری میدیا و ڕاگەیاندن، ڕادەستی ئەنکەرە نەکرێتەوە، چونکە مەترسیـیەکی ڕاستەقینە هەیە لەوەی لە تورکیا ڕووبەڕووی مامەڵەیەکی خراپببێتەوە.

بەڵام گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت ئەم تێڕوانینەی دادگای بەریتانیا هیچ بنەمایەکی بۆ نیـیە، بۆیە داوا لە لەندەن دەکات بە زوویی ڕادەستی بکاتەوە تاوەکو لە تورکیا دادگاییبکرێت بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکە، ئەوەی بووە مایەی کوژرانی 251 کەس و برینداربوونی هەزاران کەسی دیکە.

تورکیا دەڵێت حەمدی ئەکین ئیپەک لە کۆتایی مانگی هەشتی ساڵی 2015 بەرەو بەریتانیا هەڵهات، بەر لەوەی دەسەڵاتداران ئۆفسەکانی کۆمپانیاکەی بپشکنن بە تۆمەتی کارکردن بۆ ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن.

لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، دەسەڵاتدارانی تورکیا بە دەیان هەزار کەسیان لە نێو وڵاتەکەدا دەسـتگیرکردووە وە لەگەڵ ئەوەش بە ئۆپەراسیۆنی نهێنی چەندان کەسیان لە وڵاتانی بیانی وەکو ئۆکرانیا و کۆسۆڤۆ دەسـتگیرکردووە و گەڕاندویاننەوە بەرەو تورکیا.

XS
SM
MD
LG