Accessibility links

گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ڕەخنە لە وەزیری دەرەوەی ئیمارات دەگرێت


گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ڕخنەی لە وەزیری دەرەوەی ئیمارات گرت لەسەر بڵاوکردنەوەی نووسینی کەسێـک لەسەر تویتەر کە تیایدا بە خراپە لە بارەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا نووسیویەتی.

ئیبراهیم کالن ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئیماراتی داوەتەوە و نووسیویەتی"جێی شەرمە عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات پـرۆپاگەندەیەکی درۆ دووبارە لە تویتەر بڵاودەکاتەوە کە هەوڵ دەدات جارێکی دیکە تورک و عەرەب بە گژی یەکتریدا بکات. فەخرەدین پاشا قارەمانانە بەرگری لە شاری مەدینە کردبوو لە دژی پـلانەکانی بەریتانیا. ئایا هێرشکردنە سەر سەرۆک ئەردۆغان بە هەرچ نرخێک بێت بووەتە مۆدێلێکی نوێ؟"

پـێشتر وەزیری دەرەوەی ئیمارات نووسینی کەسێکی دووبارە لە تویتەر بڵاوکردەوە کە تیایدا نووسراوە" ئایا دەزانن لە ساڵی 1916 فەخری پاشا چ تاوانێکی بەرامبەر خەڵکی شاری مەدینەی پـێغەمبەر کردووە، سەروەت و سامانی دزین و ڕفاندنی و بە شەمەندەفەر لە شامەوە بەرەو ئستەنبوڵی بردن بە گەشتێک کە بە (سەفەر برلک) ناودێرکراوە، هەروەها تورکەکان زۆربەی پەرتووکەکانی کتێبخانەی ئەلمەحمودیـیەی شارەکەیان دزیوە و بردوویانن بۆ تورکیا. ئەوانە باوپاپیرانی ئەردۆغانن و مێژوویانە لەگەڵ موسڵمانە عەرەبەکان."

جێی ئاماژەیە پەیوەندیـیەکانی نێوان ئیماراتی عەرەبی و تورکیا ساردی پـێوە دیارە، ئەمەش پـێدەچێت لە ئەنجامی پشتیوانی حکومەتی تورکیایە بێت لە ڕێکخراوەکانی ئیخوان ئەلموسلیمن و هەروەها پشتگیرکردنی وڵاتی قەتەر لەم کاتەی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو سزایان بەسەر دۆحەدا سەپاندووە.

XS
SM
MD
LG