Accessibility links

تورکیا بڕیارە داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ پەسەند بکات


بە شێوەیەکی بەرچاو پێشبینی دەکرێت ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی تورکیا داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ پەسەند بکات، بەمەش گەورەترین بەربەست لەبەردەم فراوانبوونی هاوپەیمانێتییە سەربازییەکەی ڕۆژئاوادا نامێنێت کە زیاتر لە 20 مانگە لەلایەن تورکیا و هەنگاریاوە دوادەخرێت.

پەرلەمانی تورکیا کە پارتەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زۆرینەیە تێیدا، بڕیارە دەنگدانێک ئەنجام بدات لەسەر داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا. لە ساڵی 2022 دا سوید وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا داوای ئەندامێتی کرد لە ناتۆدا.

هەر کە پەرلەمان داواکەی پەسەند کرد، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژێکی کەمدا ئەردۆغان واژۆی بکات و ببێت بە یاسا. ئەگەر تورکیا پەسەندی بکات، ئەوا تەنها هەنگاریا دەمێنێتەوە داواکەی سوید پەسەند بکات، هەنگاریاش تاوەکو ئێستا بڕیارێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

هەنگاریای ئەندام لە ناتۆ بەڵێنیدابوو کە دوایین هاوپەیمان نەبێت بۆ پەسەندکردنی داواکەی سوید، بەڵام ئێستا تاوەکو ناوەڕاستی مانگی دوو پەرلەمانەکەی لە پشوودا دەبێت. سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان ڕۆژی سێشەممە وتی بانگهێشتی هاوتا سویدییەکەی کردووە بۆ هەنگاریا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندیکردنی سوید بە هاوپەیمانێتییەکەوە.

وەزیری دەرەوەی سوید تۆبیاس بیلسترۆم بە دەزگای هەواڵی سویدی وت " هیچ هۆکارێک نابینم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا، بەڵام دەتوانین گفتوگۆیەک بکەین و بەردەوام بین لە تاوتوێکردنی پرسەکان."

تورکیا و هەنگاریا پەیوەندییەکی باشترییان هەیە لەگەڵ ڕووسیادا وەک لە وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ.

تورکیا لە کاتێکدا کە دژایەتی داگیرکارییەکەی ڕووسیای کردووە لە ئۆکرانیا، لە هەمان کاتیشدا ڕەخنەی لە سزاکانی ڕۆژئاوا گرتووە بۆ سەر مۆسکۆ، ڕووسیا هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی وەڵامی دەبێت ئەگەر ناتۆ ژێرخانە سەربازییەکەی لە دوو وڵاتەکەی باکووری ئەوروپا پتەوتر بکات، سوید و فینلەندا.

بەهۆی جەنگەکەی ڕووسیاوە، سوید و فینلەندا دەستبەرداری بێلایەنی سەربازیی خۆیان بوون و داوای ئەندامێتییان لە ناتۆدا کرد، ئەندامێتی سوید لەو هاوپەیمانێتییەدا دەبێتە هۆی پتەوبوونی بەرگرییەکانی ناتۆ لە ناوچەی دەریای باڵتیکدا. دواخستنی داواکەی سوید لەلایەن تورکیاوە هەندێک لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی نائومێد کرد و وایکرد تورکیا هەندێک سازشی لە سویدەوە دەستبکەوێت.

لە ساڵی 2022 کاتێک سوید و فینلەندا داوای ئەندامێتییان کرد لە ناتۆ، تورکیا وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆی توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک ناڕەزایی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەیوەندیکردنی ئەو دوو وڵاتە بە ناتۆوە و وتی دوو وڵاتەکە ئەو گروپانە دەپارێزن کە ئەنکەرە بە تیرۆریستییان دەزانێت.

لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوودا تورکیا داواکەی فینلەندای پەسەند کرد، بەڵام لەگەڵ هەنگاریادا، وایان لە سوید کرد چاوەڕێ بکات. ئەنکەرە داوای لە سوید کردووە هەڵوێستی خۆی توند بکاتەوە دژی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا بە تیرۆریست ناوییان بردووە.

لە وەڵامی ئەوەدا سوید یاسایەکی نوێی دژە تیرۆری پێشنیار کرد، کە وادەکات ئەندامێتی لە گروپێکی تیرۆریستیدا نایاسایی بێت. سوید و فینلەندا و هۆڵەنداش چەند هەنگاوێکییان گرتەبەر بۆ لابردنی قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا.

ئەردۆغان کە لە مانگی 10 دا داواکەی سویدی ڕەوانەی پەرلەمان کرد، پەسەندکردنی داواکەی سویدی بەستووەتەوە بەوەوە کە ئەمەریکا فڕۆکەی شەڕکەری ئێف – 16 ی پێبفرۆشێت.

کۆشکی سپی پشتگیری لەو فرۆشتنە دەکات و هەندێک لە شیکەرەوەکان پێشبینی گرێبەستێکی فرۆشتن دەکەن، دەستبەجێ دوای ئەوەی تورکیا داواکەی سوید پەسەند دەکات. بەڵام هیچ کاتێکی دیاریکراو نیە بۆ ئەوەی کە کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەو فرۆشتنە پەسەند بکات، تورکیا ڕووبەڕووی دژایەتییەک بووەتەوە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە، ئەوەش لەسەر ئەوەی تورکیا فراوانبوونی ناتۆی دواخستووە و تۆماری مافەکانی مرۆڤی ئەو وڵاتە باش نیە.

مانگی ڕابردوو کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا داواکەی سویدی پەسەند کرد، هەریەک لە پارتەکەی ئەردۆغان ئاکەپە و پارتی هاوپەیمانی نەتەوەپەرستەکان و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانییان لێکرد. ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەپەرست و ئیسلامییەکان ڕەتییان کردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG