ڕۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی سوریا وتی دەبێت تورکیا پێش هەر گفتوگۆیەک لە نێوان دیمەشق و ئەنکەرەدا ڕایبگەیەنێت کە هێزەکانی لە سەرجەم ناوچەکانی سوریا دەکشێنێتەوە.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا بوو لەگەڵ وەزیری کاتی ئێران عەلی باقریدا، هەروەها دوای ئەوە دێت لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کرد دژی بەڕێوبەرایەتییە خۆسەری "ڕۆژئاڤا" بجوڵێت لە کاتێکدا کە بەڕێوبەرایەتییەکە ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵبژاردنە خۆجێییەکان کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچن.
دوێنێ وەزیری بەرگری تورکیا یەشار گولەر بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ئیدارەی رۆژاڤا "قبوڵکراو نین" و هەڕەشەن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.
گولەر ڕایگەیاند، "ناتواندرێت دۆخێکی لەو شێوەیە قبوڵ بکرێت. ئەو هەوڵانەی بەناو هەڵبژاردن کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەن، کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئاشتی و ئارامی ناوچەکە دەبێت."
لە ساڵی 2006ەوە تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی دژی باکووری سوریا ئەنجام داوە و چەند ناوچەیەکی باکووری سوریای کۆنتڕۆڵ کردووە. ئەنکەرە پشتیوانکاری سەرەکی ئەو گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنانەی سوریایە کە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا هەوڵی دوورخستنەوەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەددییان داوە و لە دژی هەسەدە بەکاریهێناون.
هەوڵەکانیش بۆ ئاشتبوونەوەی تورکیا و سوریا شکستییان هێناوە، ئەمەش سەرەڕای کۆبوونەوەکانی نێوان وەزیرانی دەرەوە و بەرگری دوو وڵاتەکە لە مۆسکۆ.
وەزیری دەرەوەی سوریا ئەمڕۆ وتی "مەرجی سەرەکی بۆ هەر گفتوگۆیەکی نێوان سوریا و تورکیا ئەوەیە کە ئەنکەرە ئامادەیی خۆی ڕابگەیەنێت بۆ کشانەوە لەسەر ئەو خاکانەی ئێمە کە داگیریکردوون. ئێمە لەگەڵ ئەوانەدا گفتوگۆ ناکەین کە خاکەکەمان داگیردەکەن."
لەلای خۆیەوە وەزیری کاتی دەرەوەی ئێران عەلی باقری وتی تاران هەمیشە پشتگیری لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەی کردووە، بە تایبەتی سوریا. وتی " ئێمە پشتگیریمان کردووە و بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی سوریا لە شەڕەکەیدا دژی تیرۆر،" ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو گروپانەی کە دیمەشق و تاران بە تیرۆریست ناوییان دەبەن.
ئێران و ڕووسیا کە پشتیوانیکاری سەرەکی ئەسەدن و بەشدار بوون لە شەڕی ناوخۆی سوریادا کە بووەتە هۆی کوژرانی نیو ملیۆن کەس، لە ڕابردوودا هەوڵییانداوە نێوەندگری بکەن لە نێوان سوریا و تورکیادا، بە تێپەڕبوونی کات، هێزەکانی حکومەتی سوریا بە یارمەتی ڕووسیا و ئێران زۆربەی ناوچەکانی سوریایان کۆنتڕۆڵ کردەوە.
فەیسەڵ میقداد سەبارەت بە پشتیوانییەکانی تورکیا بۆ گروپە چەکدارییەکانی باکووری وڵاتەکە وتی " داگیرکاری تورکیا لەسەر خاکەکەمان بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی باکووری سوریا ڕێگەپێدراو نییە."
هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی ئەگەر دەسەڵاتە کوردییە خۆسەرییەکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خۆجێیی لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکات، ئەوا دوودڵ نابێت لە کارکردن دژیان.
سەرچاوە/ AP