Accessibility links

سەرۆکی تورکیا: یەک بست لە ئیدلیب نەکشاوینەتەوە


سەرۆکی تورکیا دەڵێت هێزەکانی یەک بست لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا نەکشاونەتەوە و دەشڵێت دەبێت هێزەکانی سوریا هەتا کۆتایی ئەم مانگە لەو ناوچەیە بکشێنەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتەکەی لە ئەنکەرە گوتی ئەو مۆڵەتەی تورکیا دایناوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە دەوروبەری خاڵەکانی چاودێری تورکیا لە ئیدلیب وا لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە.

بەڵێنی دا هێزەکانی سوریا لەو ناوچانە وەدەرنێن تاوەکو وەک دەڵێت خەڵکی ئاوارە بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە ئێستادا کێشەی گەورەیان ئەوەیە ناتوانن ئاسمانی سەر ئیدلیب بەکاربهێنن کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە. بەڵام گوتی لەم نزیکانە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە دەدۆزنەوە.

تورکیا دەڵێت لەم مانگە هەتا ئێستا 17 سەرباز و ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی تورکیا لە سوریا کوژراون، وە هێزەکانی لە بەرامبەردا دەیان سەربازی سوریـیان کوشتووە.

هاوکات ئەمڕۆ حکومەتی سوریا ڕایگەیاند لەشکری وڵاتەکەی لە هێرشەکانی بۆ سەر گروپە تێرۆرستیـیەکان لە ئیدلیب بەردەوامە و توانیویانە ژمارەیەک شارۆچکە و گوند کۆنترۆڵبکەنەوە، لەوانە (ڕکایا سجنە، معەرە موقس، کەفر سجنە، شێخ مستەفا، معرزیتا، حاس، معەرە حرمە، کەفر نوبەل، بعەربۆ، ئەلدار ئەلکەبیر، ئاسەواری شنشراح، دێر سونبل، حزارین).

پارێزگای ئیدلیب دوایـین ناوچەی سوریایە کە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی لێ مابێتەوە.

بەپـێی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی شەڕەوە زیاتر لە 900 هەزار کەس لەو ناوچانەی ئیدلیب ئاوارەبوون.

XS
SM
MD
LG