Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: 7 سەرباز و کارمەندێکی سیڤیلی تورک بە هێرشی هێزەکانی سوریا کوژراون


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەپـێی دوایـین زانیاریـیەکانی بەدەستیان گەیشتووە، 7 سەربازی تورک و کارمەندێکی سیڤیلی تورکیا بە هێرشە موشەکیـیەکەی حکومەتی سوریا کوژراون.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی حکومەتی سوریا شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە خاڵێکی چاودێری تورکیایان موشەکباران کرد کە لەم دوایـیانە لەلایەن لەشکری تورکیاوە دامەزراوە لە ناوچەی ترنبەی ڕۆژئاوای شارۆچکەی سەراقب لە ناوچە گوندنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیدلیب. جگە لە کوژراوەکان بە لایەنی کەم 7 سەربازی دیکەی تورکیا برینداربوون.

لەشکری تورکیا وەڵامی داوەتەوە و بە توندی لە ناو سوریا و تورکیاوە شوێنەکانی لەشکری سوریای کردە ئامانج، لە ئاکامدا 13 سەربازی سوری کوژران، لەوانە 8 سەرباز لە بنکەکانیان لە ئیدلیب و 3 سەرباز لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای لازقیـیە. 20 سەربازی دیکەی سوری برینداربوون.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەم بارەیەوە لە فڕۆکەخانەی ئەنکەرە لێدوانی بۆ میدیاکان دا و گوتی لەشکری وڵاتەکەی بەردەوامە لە لێدانی شوێنەکانی لەشکری سوریا و هەتا ئێستا 122 گولـلە تۆپ و 100 گولـلە خومپارە گیراوەتە 46 شوێنی لەشکری سوریا.

خڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بە پەلە گەیشتووەتە پارێزگای هەتای نزیک سنوورەکانی سوریا تاوەکو لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لای خۆیەوە گوتی هێزەکانی لەشکری تورکیا لە هەردوو ڕۆژی 2 و 3 ی ئەم مانگە بەبێ ئەوەی لایەنی ڕووسی ئاگاداربکەنەوە هەستاون بە جموجۆڵ لە ناوچەی ئیدلیب.

XS
SM
MD
LG