Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت بە نیازی جێبەجێکردنی پـرۆژەی نیشتەجێکردنن لە باکوری سوریا


سەرۆکی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی بەنیازی جێبەجێکردنی پـرۆژەی نیشتەجێکردنە لەو ناوچانەی لە باکوری سوریا دەستی بەسەریاندا گرتووە وە وڵاتی قەتەر پـشتیوانی لێدەکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی لە پاش سەردانەکەی بۆ قەتەر، لە فڕۆکەکەی بە ڕۆژنامەوانانی گوت لە کۆبوونەوەی لەگەڵ تەمیم بن حەمەد میری قەتەر، زانیاری داوەتێ لە بارەی ئەو پـرۆژانەی ئەنکەرە دەیەوێت لە باکوری سوریا ئەنجامی بدات. گوتی شێخ تەمیم پـرۆژەکانی بە دڵبووە.

هەفتەی ڕابردوو ڕێکخراوی مانگی سووری قەتەر گوتی بە هاوکاری لەگەڵ دەزگایەکی تورکیا پـرۆژەیەکی نیشتەجێکردنی لە باکوری سوریا کردووەتەوە لە نزیک شاری ئەلباب.

ئەردۆغان لە بەشێکی قسەکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بە نیازە لە سەرەتای مانگی دوازدە لە میانەی کۆبوونەوەی ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە لەندەن، لەگەڵ ڕێبەرانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا باس لە بیرۆکەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بکات لە بارەی ئەو ناوچەیەی لە باکوری سوریا دەستیان بەسەریدا گرتووە و ناویان لێناوە "ناوچەی ئارام".

تورکیا دەڵێت بە نیازە نزیکەی ملیۆنێک ئاوارەی سوری کە ڕوویان لە وڵاتەکەی کردووە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە، نیشتەجێـیان بکات لەو ناوچەیە.

XS
SM
MD
LG