Accessibility links

تورکیا دەڵێت لە خاڵێکی چاودێری هێزەکانی لە سوریا دراوە و 3 سەرباز برینداربوون


وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت لە خاڵێکی چاودێری هێزەکانی دراوە لە ناوچەیەکی باکوری ڕۆژئاوای سوریا و لە ئاکامدا 3 سەرباز برینداربوون.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی لە ئەنجامی هەڵدانی 35 گولـلە خومپارە لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا بۆ سەر یەکێک لە خاڵە چاودێریـیەکانی لە پارێزگای ئیدلیب 3 سەربازی تورک بە سووکی برینداربوون.

هەروەها نووسیویەتی هێرشەکە بە مەبەست کراوە و ڕووسیای لێ ئاگادارکراوەتەوە.

بەڵام ڕووسیا گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن بە هێرشەکە تۆمەتباردەکات.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند ڕێکخراوە چەکدارەکان شەوی ڕابردوو هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی چاودێری لەشکری تورکیا لە شاخی زاویـیەی پارێزگای ئیدلیب. دەشڵێت تورکیا داوای یارمەتی ڕووسیای کردووە بۆ پاراستنی سەربازەکانی، بۆیە ڕووسیا 4 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەی ئەو گروپە چەکدارانە و شوێنی هەڵدانی خومپارەکانی وێرانکردووە.

جێی ئاماژەیە تورکیا 12 خاڵی چاودێری لە پارێزگای ئیدلیب هەیە، ئەمەش بەپـێی ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕووسیا و ئێران.

XS
SM
MD
LG