Accessibility links

ئەردۆغان: تورکیا تاکە وڵاتە بە مەبەستی مرۆیی لە سوریا بێت


سەرۆکی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی هیچ ئامانجێکی داگیرکەرانەی لە سوریا نیـیە وە تاکە وڵاتە بە مەبەستی مرۆیی لە سوریایە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە وتارێکیدا لە ئەنکەرە گوتیشی بەدیهێنانی ئاسایش بۆ دانیشتوان و مسۆگەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان یەکێکە لە ئامانجە گرنگەکانی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی تورکیا لە ناو خاکی سوریا.

هەروەها گوتی تورکیا لەسەر ئاستی جیهان یەکەمە لە پـێشکەشکردنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان کە هەرچەندە زۆر وڵاتی دیکە هەن لە تورکیا دەوڵەمەندترن. پاشان ڕەخنەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گرت و گوتی دەرگایان بە ڕووی پەنابەران داخستووە.

ئەردۆغان لە بەشێکی وتارەکەی جەختیکردە سەر زیندووکردنەوەی ڕێکەوتننامەی ئەدەنە، ئەوەی تورکیا و سوریا لە ساڵی 1998 مۆریانکرد بۆ کۆتایی‌هێنان بە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و ڕێبەرەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سوریا و لوبنان.

بەپـێی ئەم ڕێکەوتننامەیە تورکیا بۆی هەیە بە قوڵایی 5 کیلۆمەتر بچێتە ناو خاکی سوریا و ڕێوشوێنی ئاسایشی پـێویست بگرێتەبەر ئەگەر هاتوو ئاسایشی نەتەوەیی کەوتە بەر مەترسیـیەوە.

جێی ئاماژەیە ئەم لێدوانەی ئەردۆغان ڕۆژێک پاش سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ دێت کە لە میانەیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەوە.

پـێشتر تورکیا داوای دەکرد بە قوڵایی زیاتر لە 30 کیلۆمەتر ناوچەیەکی ئارام لە ناو خاکی سوریا دەستنیشانبکرێت.

XS
SM
MD
LG