Accessibility links

تورکیا: نابێت حکومەتی سوریا بچێتە مەنبج


تورکیا دەڵێت نابێت حکومەتی سوریا بگەڕێتەوە شاری مەنبج، ئەوەی لە ژێر کۆنترۆڵی ئەنجومەنی لەشکری سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

حامی ئاکسۆی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە گوتی نابێت ڕێگە بە هێزەکانی یەپەگە بدرێت هەوڵبدەن ڕژێمی سوریا بهێننەوە مەنبج.

گوتیشی ئامانج لە نەخشە ڕێگای مەنبجی نێوان ئەنکەرە و واشنتن ڕوونە، ئەویش هێزەکانی یەپەگە لەو ناوچەیە بکشێنەوە و چەکەکانیان ڕادەستی ئەمەریکایـیەکان بکەن و مەنبج لە لایەن دانیشتوانەکەی حوکمڕانی بکرێت.

حامی ئاکسۆی باسی لەوەش کرد کە نەهێشتنی یەپەگە لە مەنبج بۆ تورکیا بابەتێکە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیـیەوە هەیە.

پاشان گوتی چاوەڕوان‌دەکرێت سیناتۆر لینزی گراهام ئەمڕۆ لە بارەی سوریاوە وتووێژ بکات لەگەڵ هەریەک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوە و خڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری.

جێی ئاماژەیە هێزکانی سوریای دیموکرات چەندان جار جەختیانکردووەتەوە کە هێزی یەپەگە لە مەنبج نەماون و تەنیا ئەنجومەنی لەشکری مەنبج کە لە دانیشتوانی ناوچەکە پـێکهاتووە کۆنترۆڵی ناوچەکەی لە ژێر دەستدایە و هەروەها ئەنجومەنێکی سیڤیلی کارەکانی ناوچەکە بەڕێوەدەبات.

تورکیا دەڵێت زۆربەی دانیشتوانی مەنبج عەرەبن، بۆیە نابێت هێزە کوردیـیەکان ئەو ناوچەیەیان لە ژێر دەستدابێت. خوازیاریشە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکە بکەن بە پاڵپشتی هێزەکانی لەشکری خۆی.

XS
SM
MD
LG