Accessibility links

هێزێکی دیکەی تورکیا دەچێتە ناو پارێزگای ئیدلیبی سوریا


هێزێکی دیکەی لەشکری تورکیا چووتە ناو پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا، ئەمەش پاش هەفتەیەک لە ڕێکەوتنەکەی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە سۆچی.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت شەوی دووشەممە پەیامنێرێکی بینویەتی نزیکەی 35 ماشێنی لەشکری تورکیا کە هاتوونەتە ناو خاکی سوریا، لە نزیک شارۆچکەی سەراقیب چوونەتە سەر شاڕێی حەلەب - دیمەشق و بە ئاڕاستەی باشوری پارێزگاکە بەڕێکەوتوون.

پەیامنێرەکە باسی لەوەش کردووە چەکدارانی هاوبەندی ناسراو بە بەرەی نیشتمانی بۆ ڕزگاری یاوەری هێزەکەیان کردووە. ئەم بەرەیە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەنکەرە لە خۆدەگرێت، لەوانە بزوتنەوەی ئەحرار ئەلشامی ئیسلامی.

بەپـێی کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، هێزەکەی تورکیا دابەشبووە بەسەر چەند خاڵێکی چاودێری خۆی لە ئیدلیب. تورکیا 12 خاڵی چاودێری لەو پارێزگایەدا هەیە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی نێوان مۆسکۆ و ئێران و تورکیا.

تورکیا و ڕووسیا لە 17 ی ئەم مانگە لە سۆچی بە ڕێکەوتنێک گەیشتن لەسەر پـێکهێنانی ناوچەیەکی لە چەک داماڵێنراو لە نێوان هێزەکانی حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە پارێزگای ئیدلیب و ناوچەکانی دەوروبەری.

جێی ئاماژەیە بەشی گەورەی پارێزگای ئیدلیب لە ژێر دەستی هاوبەندی ناسراو بە "هەیئەت تەحریر ئەلشامە" کە پـێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو.

XS
SM
MD
LG